گرنگترین تایبەتمەندییە چاوەڕوانکراوەکانی کاتژمێرە نوێیەکەی ئەپڵ

چاوەڕواندەکرێت کۆمپانیای “ئەپڵ”ی ئەمریکی کاتژمێرە نوێیەکەی (ئەپڵ وۆچ) لە مانگی 9ی ئەمساڵدا بخاتە بەردەست.

بەپێی پێگەی “تی 3” تایبەتمەند لە هەواڵەکانی تەکنەلۆژیا، کاتژمێرە زیرەکەکانی دیکە بەهۆی چەند تایبەتمەندییەکەوە لەپێش کاتژمێرەکەی ئەپڵەوەن، ئەمەش وا لە کۆمپانیا ئەمریکییەکە دەکات هەوڵی زیاتری هەبێت بۆ گەیشتنەوە بە ڕکابەرەکانی، کە “سامسۆنگ” یەکێکە لەو کۆمپانیایانە.

سەرچاوەکە پێشبینیدەکات کاتژمێری زیرەکی “Apple Watch Series 8” لانیکەم یەک هەستکەر(سێنسەر)ی نوێی بۆ زیادبکرێت بۆ یارمەتیدانی پشکنینە تەندروستییەکانی جەستە، کە گرنگترینیان پشکنینی پلەی گەرمیی پێستە.

هەروەها پێگەکە ڕوونیکردووەتەوە، “تایبەتمەندیی پێوانی پلەی گەرمیی جەستە یارمەتیدەری پرۆگرامەکانی تەندروستی و وەرزش دەبێت و دەتوانرێت لەڕێیەوە چاودێریی سووڕی مانگانەی خانمانیش بکرێت”.

هەر بەپێی پێشبینییەکان، کاتژمێرە نوێیەکە لەڕووی شێوەوە، وەک نەوەی پێشووی کاتژمێری ئەپڵ دەبێت، واتە بە ڕوونما(شاشە)یەکی گەورە و قەراغ و چێوەی باریک و ڕەنگاوڕەنگەوە.

بابەتی پێشتر

ڕوسیا لەسەر ئەندامبوونی فینلەندا و سویدیش لە ناتۆ هۆشداری دەدات

بابەتی دواتر

هێزەکانی ئەسەد گەمارۆی کوردەکانیان داوە.. هەسەدەش وەڵامدانەوەی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share