“عادەتێك” لەكاتی خواردندا مەترسیی مردن بەهۆی نەخۆشیی دڵ زیاددەكات

شاراوە نییە ئەگەر لە بەردەم مەترسیی جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشکدا بیت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە بە وردی بیر لەو هەڵبژاردنە خۆراکیانە بکەیتەوە کە ئەنجامیان دەدەیت.

خواردنی هەندێک خۆراک، وەک ماسی و چەرەسەكان، یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی دڵت تەندروست بێت، لەکاتێکدا هەندێکی دیكە وەک پیتزای بە گۆشت داپۆشراو، رەنگە بتخاتە بەردەم مەترسییەوە.

توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە ئەو کەسانەی پێشینەی کێشەی دڵیان هەیە، خواردنی ژەمێكی پڕ لە خۆراکە پرۆسێسکراوەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی ئەگەری مردنیان بە نەخۆشییەکانی دڵ.

توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری دڵی ئەوروپی بڵاوکراوەتەوە، سەیری دۆسیەی هەزار و 171 كەسی پێگەیشتووی کردووە کە پێشینەی نەخۆشییەکانی دڵیان هەبووە لە ماوەی تێکڕای کەمێک زیاتر لە دە ساڵدا.

توێژەران بە بەکارهێنانی ژمارەیەك پرسیار سەبارەت بە خووەکانی خواردن، بڕی ئەو خۆراکە زۆر پرۆسێس کراوانەی بەشداربووان رۆژانە دەیانخوارد، لەگەڵ کۆی گشتیی ئەو خۆراکانەی کە دەیخۆن بەراورد و هەڵسەنگاندنیان كرد.

بۆیان دەرکەوت لەنێو ئەو بەشداربووانەی کە زۆرترین رێژەی خۆراکی زۆر پرۆسێس کراویان خواردووە، ئەگەری مردن بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە نزیکەی دوو لەسەر سێ زیاتر بووە لە چاو گروپە ئاساییەکان.

جگە لەوەش، ژەمی زۆر پرۆسێسکراو، مردن بە هەموو هۆکارەکانەوە بە نزیکەی 40% زیاد دەکات.

ماریالۆرا پاناسیۆ، نووسەری توێژینەوەکە دەڵێت، “پێویستە خەڵک دەستبکەن بە بیرکردنەوە لە گەڕانەوە بۆ ژەمە تەقلیدییەكان، بە واتای دووركەوتنەوەی تەواو لەو خۆراكانەی دەستكرد و پرۆسێسكراون، لە بری ئەوە باشترین هەنگاو خۆراكی ئامادەكراوی ماڵەوە و بەكاربردنی خۆراكە سروشتی و پرۆسێس نەكراوەكانە”.

خۆراکە پرۆسێس کراوەکان ئەو خۆراکانەن کە دەستکاریکراون بۆ ئەوەی زیاتر بمێننەوە یان تامەکەیان باشتر بکەن، هەروەها بە زیادکردنی خوێ، شەکر یان خومرە پرۆسێس دەکرێن، وەک گۆشتی پیشەسازی، سەوزە و میوەی لەقوتوونراو و خۆراكە لەقوتونراو و ئامادەكراوەكانی دیكە.

بابەتی پێشتر

شوشەیەک سۆسی توون بووە هۆی داخستنی مەلەوانگەیەکی بەناوبانگ لە ئەمریکا

بابەتی دواتر

چی روویدا؟<br> هۆكاری كێشە تەكنیكییە جیهانییەكە ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share