وەزارەتی پلاندانانی عێراق: لە ساڵی 2020دا ژمارەی دانیشتوانمان گەیشتە 40 ملیۆن

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی عێراقی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2020 بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە 40 ملیۆن و 150 هەزار کەس.

لە ڕاگەیەنراوێکدا عەبدولزەهرە هنداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، “ئەو 40 ملیۆن دانیشتوانەی عێراق %50,5ی لە ڕەگەزی نێر و %49.5ی ڕەگەزی مێیە”.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، “ژمارەی دانیشتوان پشتدەبەستێت بەو هەڵسەنگاندنانەی دەزگای ناوەندی ڕوپێوی، بەپێی ژمارەی دانیشتوان گەشەی دانیشتوان لە %2.5ەوە زیادیکردووە بۆ %2.6 و لە هەندێک شوێنی نیشتەجێبوونیش گەیشتووەتە %2.7.

ڕاشیگەیاند کە بەراورد بە ساڵی 2019 گەشەی دانیشتوان کەمیکردووە لەکاتێکدا گەشەی دانیشتوان لەو ساڵەدا %3 بووە و لەهەندێ ناوچەی دانیشتوانیش گەیشتووەتە %3.3.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، گەشەی دانیشتوان لە ساڵێکدا 850 هەزار بۆ ملیۆنێک کەسە، بەپێی ئەو ئامارانەش لە ساڵی 2030دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە 50 ملیۆن کەس.

سەبارەت بە ڕێژەی دانیشتوان بەپێی تەمەن وتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، “ئەو توێژەی کە لە ڕووی کار و ئابورییەوە چالاکن، ئەوانەن تەمەنیان لە نێوان (15 بۆ 64) ساڵیدایە و ڕێژەیان %56.5ە و زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانن، هەروەها منداڵان ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان (سفر بۆ 14) ساڵیدایە ڕێژەیان %40.4ە و ئەوانەشی کە پیرن و تەمەنیان لەسەروو 65 ساڵییەوەیە کەمترین ژمارەی دانیشتوانن و ڕێژەیان %3.1ە.

بابەتی پێشتر

كەركوك.. داعش لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی-یەوە بە ئامانج كرا

بابەتی دواتر

گازی سروشتی.. داهاتووی وزە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share