وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رایدەگەیەنێت، “داوامانکردووە زەوی بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بدرێت و مووچەکانیان هاوتای عێراق بکرێت”.
کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێم بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، داوامان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە زەوی بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بدرێت و ئەوانەشیان کە فەرمانبەرن خاڵی زیاتریان پێبدرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، داوامان لە حکومەتی هەرێم کرد کە وەفدێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی سەردانی بەغداد بکات بۆ تۆماری نوێی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە 13 هەزارمان ناردووە، و پێویستە بە زوویی تەواوبکرێت.
دەشڵێت، هەروەها وەفدەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی داوا لە بەغداد دەکات مووچەی خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان زیادبکرێت و هاوتای عێراق بکرێت.
کوێستان محەمەد، دەڵێت، سەردانی وەفدەکە بۆ ئەو مەبەستەیە کە پارەی چاودێریی خێزان بدرێت بە خیزانە کەمدەرامەتەکان کە لە ساڵی 2015-وە لە هەرێم بڕاوە لە کاتێکدا هاوڵاتییانی عێراق وەریدەگرن.