بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، لە 10 تاوەکو 18ی تەموزی 2024 ناو تۆمارکردن بۆ کڕینی تابلۆی ژمارە نایابی ئۆتۆمبێل دەستپێدەکات.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، ”ئاگاداری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بەڕێوەبەرایەتیمان لە 10 تاوەکو 18ی تەموزی 2024، رۆژانە لە کاتژمێر 9:00ی سەرلەبەیانی تاوەکو کاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆ دەستدەکات بە ناو تۆمارکردن بۆ ئەوکەسانەی خوازیارن تابلۆی ژمارە نایابی ئۆتۆمبێل بەپێی رێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2022 بکڕن”.
لەو بارەیەوە هاتوچۆی هەڵەبجە چەند رێنماییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ”هاوڵاتی دەبێت خۆی ئامادەبێت لە بەڕێوەبەرایەتیمان و کارتی نیشتمانی یاخود ناسنامەی باری شارستانی و رەگەزنامەی پێ بێت، هەروەها پێویستە ئەو کەسەی خوازیاری ناو تۆمارکردنە پێشتر تابلۆی ئۆتۆمبێلی بۆ دەرنەچووبێت بەناوی خۆی یان لەسەر ژمارە مۆبایلەکەی”.
دەشڵێت، ”هەموو ئەو ناوانەی لە ماوەی دیاریکراودا تۆماردەکرێن، هیچ جیاوازیەک نییە لەوەی یەکەم رۆژ یاخود کۆتا رۆژ تۆمارکرابێت و بەیەکەوە هەموویان دەچنە ناو سیستمەکە و دەتوانن کێبڕکێ بکەن لەسەر ژمارەکەی خۆیان”.