وەزیری دارایی هەرێم رایدەگەیەنێت، لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری كێشەی مووچە هەیە و چەند جارێك وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەكان كراوە، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ كێشە و هۆكارێك ببێتە هۆی دواكەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بەبیانووی وردبینییەوە هەموو مانگێك كێشەیەكی نوێ بۆ مووچە دروستدەكەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتوو، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری پێشوازیكرد لە لیو جیون كونسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە چین جیۆجینگ بەرپرسی بەشی سیاسی و جودیمەن بەرپرسی بەشی ئابوری و بازرگانیی كونسوڵخانە.
لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر دۆخی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان كراو پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەت و كونسوڵخانەی چین بەبایەخەوە هەڵسەنگێندرا.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی كورتەیەكی لەسەر چاكسازییەكانی وەزارەتی دارایی لە بواری رێكخستنەوەی باج و گومرگ و بانك و خانەنشینی و بەدیجیتاڵكردنی دام و دەزگاكان و كەمكردنەوەی خەرجییەكان خستەڕوو.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە بەشێكی تری دیدارەكەدا ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند، لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بۆ چارەسەری كێشەی مووچە هەیە و چەند جارێك وردبینی لە لیست و ناوی هێزە ئەمنییەكان كراوە، هەرچەندە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی نابێت هیچ كێشە و هۆكارێك ببێتە هۆی دواكەوتن و نەدانی مووچە، بەڵام بەبیانووی وردبینییەوە هەموو مانگێك كێشەیەكی نوێ بۆ مووچە دروستدەكەن، لەكاتێكدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت سێ مانگ جارێك وردبینی لە خەرجی و داهات بكرێت.
ئاماژە بۆ ئەوە كرد، هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە لەوانە گەڕانەوەی بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم و رادەستكردنی لیست و ناوی هێزە سەربازی و ئەمنییەكان و بەردەوامی بە بانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و ناردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە.