ئەنجومەنی وەزیران: یاسای نەوت و غاز لەسەر بنەمای دەستوور بێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم جەخت لەسەر بایەخی بوونی یاسای نەوت و غاز لەسەر ئاستی عێراق دەكاتەوە بەمەرجێك سسیتمی فیدڕاڵی وەك ئەوەی لە دەستووردا هاتووە رەچاوبكات.

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد خرایەڕوو کە تایبەت بوو بە گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی بە هاوبەشی و پێکەوەیی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوت و گازن، ئەویش پشتبەست بە ماددە دەستوورییەکانی پەیوەندیدار بە کەرتی نەوت و گاز.

سەرۆک وەزیران رایگەیاند، ئەم پرۆژە یاسایە دەبێت بە رەزامەندیی حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەری نەوتی عیراق بێت و رەنگدانەوەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا جێگیرکراوە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە رێز لەو رێککەوتنانە بگیرێت کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆکراون.

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی بایەخی هەبوونی یاسای نەوت و گازی لەسەر ئاستی عێراق کردەوە بە مەرجێک بەپێی بنەماکانی رێکخستنی ئەم کەرتە بێت و سیستەمی فیدراڵی عێراق بێت وەک لە دەستووردا هاتووە.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەی کۆبونەوەکەدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رەشنووسی (پەیڕەوی سندوقی چاودێریی و شیاندنی کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتەباڵایان) خستەڕوو کە لە بەر رۆشنایی یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011 ئامادەکراوە و ئامانج لێی، دەستبەکاربوونی سندوقەکەیە تا داهاتەکانی بەدەستهاتووی ئەم بوارەی تێدا کۆبکرێتەوە و جارێکی تر خەرجبکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ کەسانی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و کورتەباڵایان لە رێگای فەراهەمکردنی چاودێری و شیاندن و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بۆیان و پاڵپشتیکردنیان لە گشت بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی، تەندروستی و فێرکاری.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پەیڕەوەکەی پەسەندکرد و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راسپارد، بە هەماهەنگی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان، رێکاری پێویست وەربگرن لە دوای کەوتنەبواری جێبەجێکردنی پەيڕەوەکە.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە
5

رێبوار تەها: بە رەسمی داوای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی بازاڕی قەیسەریی كەركوك دەكەین

سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمان رایدەگەیەنێت، داوای قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی بازاڕی قەیسەری ئاراستەی سەرۆك وەزیران دەكەن. رێبوار…
زیاتر ببینە

شارەوانیی سلێمانی: پڕۆژە گرنگەكە جێبەجێدەكرێت

شارەوانیی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، دروستكردنی یەكتربڕی باخی بەختیاری چووە قۆناغێكی نوێوە. سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڵاویكردووەتەوە، “خۆشبەختانە كارەكانی جێبەجێكردنی یەكتربڕی…
Total
0
Share