بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكدا بۆ سەرۆك كۆماری نوێی ئێران رایدەگەیەنێت، یەکێتی بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەیی و گەشەپێدانی هەماهەنگییەکانە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا كە ئاراستەی دكتۆر مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمارى نوێى ئێرانی كردووە پیرۆزبایی بەبۆنەی هەڵبژاردنی بۆ ئەو پۆستە دەكات و رایگەیاند، لەم دەرفەتەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و برایەتیی لەمێژینەی نێوان گەلی کورد و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندی و بەها باڵاکانی نێوانمان دووپاتدەکەینەوە.
دەشڵێت، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هاریکاری و کاری پێکەوەییە لە بوارە جیاوازەکان و گەشەپێدانی هەماهەنگییەکانە”.
سەرۆكی یەكێتی دووپاتیشیدەكاتەوە، دڵنیاین کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرکردایەتیی بەڕێزتان رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست.