کۆنترین وێنەی کێشراو لە ئەشکەوتدا دۆزرایەوە

لەلایەن زانایانی ئوستراڵیا و وڵاتەکەوە کۆنترین وێنەی کێشراو لە ئەشکەوتدا لە دوورگەی سولاوێسی باشووری ئیندۆنیزیا دۆزرایەوە.

تیمێکی زانایان بەسەرپەرشتیی ئادی ئاگوس ئۆکتاڤینا، پسپۆڕی هونەریی بەردین وێنەی بەرازێکی کێوی و سێ فیگەری هاوشێوەی مرۆڤیان لە ئەشکەوتێکی دورگەی سولاوێسی باشووری ئیندۆنیزیا دۆزیەوە کە تەمەنی بەلایەنی کەمەوە 51 هەزار و 200 ساڵە.

پڕۆفیسۆر ماکسیم ئۆبێرت لە زانکۆی گریفیتی ئوستراڵیا جەختی لەوە کردەوە، ”وێنەکە چیرۆکێکی ئاڵۆز دەگێڕێتەوە و کۆنترین بەڵگەیە کە هەمانە بۆ چیرۆک گێڕانەوە، هاوکات ئەو وێنەیە ئەوە نیشان دەدات کە مرۆڤەکان لەو کاتەدا توانای بیرکردنەوەیان بە شێوەی ئەبستراکت هەبووە”.

وێنەکە بەرازێک نیشان دەدات کە وەستاوە و دەمی بەشێکی کراوەتەوە و لانیکەم سێ کەس بەدەورییەوەن و یەکێک لە کەسەکان کە دوو قۆڵی درێژی بۆ دروستکراوە چەقۆیەکی بەدەستەوەیە و دووەمیشیان لەبەردەم بەرازەکەدایە و پێدەچێت دارێکی بەدەستەوە بێت، هەروەها کەسی سێیەم قاچەکانی روویان لە سەرەوەیە و بەرەو دەرەوە بڵاوبوونەتەوە و دەستێکی هەیە بەرەو سەری بەرازەکەی دەبات و بەڕواڵەت دەردەکەوێت کە دەستی لێدەدات

دۆزینەوەی یەکەم بەڵگە بۆ وێنەکێشان لەسەر دیواری ئەشکەوتەکان دەگەڕێتەوە بۆ نێوان ٧٥ هەزار بۆ ١٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئەشکەوتەکانی بلۆمبۆس لە باشووری ئەفریقا. ئەمانە لە نەخشە ئەندازەییەکان پێکدێن.

تاوەکو 10 ساڵ لەمەوبەر کۆنترین وێنەی کێشراو لە ئەشکەوتدا لە ئیسپانیا و فەرەنسا بوو و باوەڕێکی دروستکرد بوو کە ئەو هونەر و زانستەی ئەمڕۆ دەیزانین لە ئەوروپاوە دەستی پێکردووە.

بابەتی پێشتر

لەبارەی لیستی مووچەوە داوایەكی بەپەلە ئاراستەی وەزارەتەكان دەكرێت

بابەتی دواتر

هاتوچۆی سلێمانی لەبارەی بەربەستکردنی شەقامێکەوە شۆفێران ئاگاداردەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share