10 نهێنیی ژیانت کە نابێت ئاشکرایان بکەیت

دەروونناسان دەڵێن، هەندێک نهێنی و تایبەتمەندیی ژیان هەن پێویست ناکات بۆ کەسانی دیکەیان ئاشکرابکەیت.

هەروەها دەڵێن هەندێک هاوبەشیپێکردنی زانیاری هەن کە وادەکات تۆ لەلای کەسانی دەوروبەرت لاوازبکات یان بەهەڵە لێت تێبگەن، بۆیە باشتر وایە بەهنێنی بیانهێڵیتەوە.

کەواتە گرنگە بزانیت چ زانیارییەکی ژیانت لەگەڵ کەسانی دیکە هاوبەشی پێدەکەیت و چ زانیارییەک بەنهێنی دەهێڵیتەوە.

نهێنییەکان ئەمانەن:

1-ئامانجی کەسی: ئامانجی ژیان بەشێکی چارەنوسسازە لە ژیانی هەموو کەسێکدا چ پیشەکەی، یان پەیوەندی، یان پەرەپێدانی کەسی بێت، چونکە هەمووان هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجی ژیانیان دەدەن.

بەپێی دەرونناسان، هێشتنەوەی ئامانجی ژیان بە نهێنی دەتوانێت چانسی گەیشتن پێی زیاتربکات و ئاشکراکردنیشی ببێتە هۆی ئەوەی دووچاری رەخنەو گلەیی ببیت و بەو هۆیەوە لە هەوڵدان ساردببیتەوە.

2-بیروباوەڕی کەسی: زۆرێک لە ئەزموونەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە پێویستە بیروباوەرەکانت بۆ خۆت بن و باسیان نەکەیت وەک سیاسەت و ئاین و هەنێک بابەتی کۆمەڵایەتی، ئاشکراکردنی ئەو بیروباوەڕانە هەندێکجار دەبێتەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەگەڵ کەسانی دیکە، بەتایبەت کاتێک بەرامبەرەکەت کراوە نەبێت و جیاوازیی قبوڵ نەکات.

3-ناڕەزایی لە رابردوو: پەیوەستبوون بە کینە و ناڕەزایی لەبەرامبەر رووداوەکانی رابردوو کاریگەریی زیانبەخشی لەسەر تەندروستیی دەروونی و جەستەیی دەبێت، بەجۆرێک توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خوگرتن بە هەستە نەرێنییەکان رەنگە ببێتەهۆی زیادبوونی فشار و تەنانەت نەخۆشییەکانی دڵ.

گرنگە ئەو هەستانە چارەسەربکرێن، بەڵام بیرهێنانەوە و باسکردنیان بەتایبەت بۆ کەسانی دیکە هیچ سوودێکت پێناگەیەنێت، رابردوو ناگۆڕێت تەنها هەستی نەرێنی ئێستات زیاتردەکات.

4-چاکەکردن: ئەنجامدانی کاری چاک هەمیشە گرنگە، بەڵام دەبێت بەبێ چاوەڕیکردنی پاداشت ئەنجامی بدەیت، کاتێک مرۆڤ یارمەتیی کەسانی دیکە دەدات پێویستە لە خەمخۆریی راستەقینە و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەنجامی بدات، نەک بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی خۆی لەبەرامبەریان و گەورەکردنی وێنەی خۆی لە چاوی ئەوانی دیکەدا.

5-کێشەی خێزانی: هەر خێزانێک کۆمەڵێک گرفتی هەیە کە زۆر کەسیین و نابێت لەلای کەسانی دیکە باسبکرێن، چونکە هەندێک جار دەبێتە هۆی ئەوەی رووبەڕووی ئامۆژگاریی نەخوازراو ببیتەوە بەهۆی ئەوەی کەسانی دیکە ناتوانن بە تەواوی لە کێشەکەت تێبگەن.

6-خۆشویستنی خود: گرنگیدان بە خۆت زۆرگرنگە یەکێکە لە رێگاکانی بەدەستهێنانی دڵنیایی، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە زۆر کەسییە و نابێت بۆ کەسانی دیکەی ئاشکرابکەیت.

7-ترس و نائارامی: بوونی ترس لە هەندێک کاتدا وەک حاڵەتی لاوازی پۆلێن ناکرێت، چونکە هەر مرۆڤێک ترسێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام باسکردنیان زۆر جار رەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی تێڕوانینی نەرێنی بۆت لەلایەن کەسانی دیکەوە.

8-رۆتینی لەشجوانی: گرنگە بە لەشجوانی و تەندروست بمێنیتەوە، زۆر کەس لە رێجیمی تایبەتدان بۆ لەشجوانی، شارەزایانی دەروونی پێیان وایە باسکردنی وردەکارییەکان زیانی زۆرترە لە سوود، چونکە هەندێک جار دەبێتەهۆی بەراوردکاریی ناپێویست و ناڕاست، چونکە جەستەی هەر کەسێک جیاوازە لەگەڵ کەسێکی دیکە.

9-دۆخی دارایی: بابەتی پارە و ئابوری لە هەندێک کلتوردا بابەتی تابویین، ئەگەر کەسێک لە بارودۆخێکی دارایی باشدا بێت رووبەرووی ئیرەیی پێبردن دەبێتەوە لەلایەن کەسانی دیکەوە کاتێک باسی دۆخە داراییە باشەکەی بکات، ئەگەر کەسەکە بارودۆخی دارایی خراپ بوو باسکردنەکەی رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی لەلایەن کەسانی دیکەوە بەکاربهێنرێت.

10-هەڵبژاردنی ژیانی کەسی: وردەکارییەکانی ژیانی مرۆڤ و حەز و ئارەزووەکانی موڵکی تایبەتی خۆیین، ئەو هەڵبژاردنانەی دەیانکات گەورە بن یان بچووک، نابێت باسیان بکات.

 

 

 

 

 

 

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی: تەقەکەرێک دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

تەندروستیی سلێمانی: رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share