كۆما جڤاكین كوردستان (كەجەكە-باڵی سەربازیی پەكەكە) رەتیدەكاتەوە، دەستیان لە سووتاندنی بازاڕەكانی هەولێر و دهۆك و كەركوك هەبووبێت و راشیدەگەیەنێت، سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە میت و پاراستنن و دەشڵێت، “داوا لە دەوڵەتی عێراق و وەزارەتی ناوخۆ دەكەین كە بەرپرسیارانە بەرامبەر رێنماییەكانی هەواڵگریی توركیا مامەڵە بكەن”.
كەجەكە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، ” لەڕێگای میدیاكانەوە زانیمان كە كۆمەڵێك جەنگاوەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) تۆمەتباركراون بەوەی، كە هەندێك ئاگریان لە شارەكانی هەولێر و كەركوك و دهۆك كردووەتەوە، ئێمە ئەم تۆمەتە بێبنەمایانە ڕەتدەكەینەوە كە هەمووان دەزانن ئەم هێرشە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی توركیا (میت) و ڕێكخراوی هەواڵگریی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام دراون”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “پەكەكە بە خۆڕاگری و هەڵوێستە پرەنسیپی و یەكگرتووەكانی بە تێپەڕبوونی كات سەلماندی كە هێزێكە جێگەی متمانە و گەلانی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لە هەر شوێنێك گەل بەر هەڕەشە و نادادپەروەری بكەوێت، پەكەكە هەڵوێستێكی دروست وەردەگرێت و پشتیوانی گەل دەكات، ئەمڕۆش شەڕێكی توند و بێوچان لە دژی كۆلۆنیالیزمی توركیا ئەنجامدەدات، كە هەنگاو بە هەنگاو عێراق و هەرێمی كوردستان داگیردەكات”.
دەشڵێت، “سوپای توركیا بە ئاشكرا رێگاكانی ناو خاكی عێراق دادەخات و خەڵك ناچار دەكات بە گەڕان و پشكنین و دڵنیابوون لە ناسنامەكانیان، گوندنشینانیش دەستگیردەكات و بۆردومانیان دەكات ئاوارەیان دەكات، رۆژانە تاوانەكانی سوپای توركیا پەرەدەسێنێت، لە كاتێكدا پارتی لە ئاستی ناوخۆییدا بەردەوامە لە هاوكاریكردنی لەگەڵیدا و حكومەتەكەی سودانیش بێدەنگ و بێوەڵامە”.
ئەوەشی روونكردووەتەوە، “ئەو تۆمەتانەی كە ئێمە بازاڕ و گوندەكانی كەركوك و هەولێر و دهۆكمان سووتاندوە، هەڵبەستراوی باوەڕپێنەكراوە، ئێمە پێشتر بەرگریمان لەو شارانە كردووە و شەهیدمان لەپێناویدا داوە، ئەم تۆمەتانە بۆ ویژدانی گەلی كورد و عێراق جێدەهێڵین، كە بە چاوی خۆیان شاهیدی بەرخۆدانی ئێمە بوون”.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “هیچ دوژمنایەتییەكمان بەرامبەر دەوڵەتی عێراق و خەڵكی عێراقی نییە، بزوتنەوەیەك كە بۆ ئازادی و خۆشگوزەرانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەكۆشێت، ئەم تۆمەتانە بوختانن لەلایەن دەزگای هەواڵگریی توركیاوە، ئاشكرایە كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كاتی دەركردنی ئەم بەیاننامەیەدا لەژێر كاریگەریی رێنمایی هەندێك لایەندا بووە”.
كەجەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، “سەرچاوەی ئەو تۆمەتانە رێكخراوی هەواڵگریی توركیا (میت) و لقەكەی لە هەرێمی كوردستان (پاراستنە)ە، كە رێكخراوێكی تاوانكاریی نێودەوڵەتییە و هەنگاو بە هەنگاو هەوڵی داگیركردنی عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات، ئێمە هیچ پەیوەندییەكمان بە هیچ رووداوێك و چالاكیەكەوە نییە”.