زانایەكی سوری چارەسەرێكی نوێ بۆ شێرپەنجە دەدۆزێتەوە

زانایەكی خەڵكی سوریا رێگایەكی نوێ بۆ چارەسەری شێرپەنجە دەدۆزێتەوە لەڕێی هاندانی سیستمی بەرگری، كە پێویستیی پەنابردنەبەر چارەسەری كیمیایی یان ئەنجامدانی نەشتەرگەری كەمدەكاتەوە.

چارەسەرە نوێیەكە ناونراوە “بۆمبی شەكر” یان (Alkaline kefir)، ئیبراهیم شعار-ی پسپۆڕی زانستی تاقیگە لەگەڵ تیمی كارەكەیدا پێیگەیشتوون، بەمەبەستی هێنانەدی ئەنجامی باش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ شێرپەنجەكانی سی، مەمك و ساركۆما (جۆرێكی دەگمەنی گرێیە كە تووشی شانە بەستەرەکان دەبێت وەک ماسولکە، دەمار یان خوێنبەرەکان).

ئیبراهیم شعار روونیكردەوە، “گرێ شێرپەنجەییەکان توانای راگرتنی كاری سیستمی بەرگریی لەشیان هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی شکستی چارەسەری کیمیایی، هەروەها کاردەکەن لەسەر لەکارخستنی میکانیزمەکانی مردنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی خانەکان (بە مەبەستی نوێکردنەوەیان). چارەسەرە نوێیەکە ئەم خانانە بۆ سیستمی بەرگریی لەش ئاشكرادەکات بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکات لە رێگەی ئەوەی بە (Guided Metabolism) ناسراوە، کە شێوازێکی چارەسەری زیرەکە”.

سكای نیوز لە زاری ئەو زانایەوە ئەوەشی خستەڕوو داهێنانی “بۆمبی شەكر” كاردەكات لەسەر گەڕانەوەی سیستمی بەرگری بۆ كاركردن و بینینی گرێ شێرپەنجەییەكان و لەناوبردنی بەبێ بەركەوتنی لەگەڵ خانە تەندروستەكان، لەگەڵ بەكارهێنانی وزە بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەكان لە ناوەوە.

ئەوەشی وت، “خانە شێرپەنجەییەكان كەناڵ دروستدەكەن تا خوێنیان پێبگات، چارەسەرەكە كاردەكات لەسەر رێگری لە دروستبوونی ئەو كەناڵە، ئەمەش دەبێتەهۆی مردنی خانە شێرپەنجەییەكە”.

ئیبراهیم شعار روونیكردەوە، توێژینەوەكەی لەسەر حاڵەتەكانی شێرپەنجەی مەمك، سی و ساركۆما كراون. بەپێی وتەی تیمی توێژینەوەكە لە ئێستادا لە قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەكانی سەر جێگا لەسەر 700 حاڵەت ئەنجامدراوە كە هەندێكیان گەیشتبوونە قۆناغی بێ هیوایی، چارەسەرەكە كاریگەری لەسەر 70%یان دەركەوتووە.

بابەتی پێشتر

رووداوێکی هاتوچۆ مردنی کەسێکی لێکەوتەوە

بابەتی دواتر

بەهۆی مانگرتنەوە 400 گەشتی ئاسمانیی كەنەدا راگیرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share