فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە

فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا بۆسەر خاكی هەرێم هاتەدەنگ بە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراق و هەرێم ناودەبات و وێڕای شەرمەزاركردنی داوا لە هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم دەكات هەڵوێستیان هەبێت و رێگریی لەو پێشێلكارییانە بكەن.

بەپێی راگەیەندراوێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، چەند رۆژێكە ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە، بەداخەوە لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكە زەرەر و زیانێكی زۆر گەیشتووە بە ڕەز و باخی هاوڵاتییانی ناوچەكە و بۆتە مایەی بێزاركردنی هاوڵاتییانی ناوچەكە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و ئەم پێشێلكارییانەی سەرخاكی هەرێمی كوردستان و سەروەریی عێراق شەرمەزاردەكەین، چونكە پاراستن و ئاسایشی وڵات و سەلامەتیی هاوڵاتییان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، هەروەها پێشێلكردنی یاسا نێو دەوڵەتییەكانە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پێویستە حكومەتی هەرێم بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی عێراق رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانەی سەر خاكی هەرێمی كوردستان و سەروەیی عێراق و بێدەنگیی حكومەتی عێراق و بەهەمان شێوە حكومەتی هەرێم لەهەمبەر ئۆپەراسیۆنێكی ئاوا گەورەی توركیا لەسەرخاكی هەرێمی كوردستان كە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و یاسا و رێسا نێودەڵەتییەكانە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر متمانەی عێراق و بەهەمان شێوە هەرێمی كوردستان لە نێو كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هاوڵاتییانی خۆی.

فراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت، “داواكارین حكومەتی عێراق بەهەماهەنگیی لەگەڵ حكومەتی هەرێم رێگری بكەن لەم جۆرە پێشێلكارییانە كە ئامانج لێی تەنها تێكدانی ئارامیی وڵات و پێشێلكردنی سەروەریی عێراقە ، لە هەمانكاتدا داواكارین قەرەبووی كەس و كاری شەهیدەكان و زەرەر و زیانی هاوڵاتییان بكرێتەوە هەروەها لە ماوەی رابردوودا وەك فراكسیۆنی یەكێتی ئەم داوایەمان ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی عێراق كردووە بۆ قەرەبووكردنەوەی زیان لێكەوتووان.

بابەتی پێشتر

سنووری ناحیەی دێرەلوك بۆردومانكرا

بابەتی دواتر

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئاشكراكرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share