قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە فاتوشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق.
ئەمڕۆ چوارشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە فاتوشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا جێگری سەرۆکوەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی وڵاتی ژاپۆنی کرد بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا و بە تایبەتیش لە بوارەکانی گەشەپێدانی پەرەوەردە و کلتور و رۆشنبیریدا. جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتی ژاپۆن، بە تایبەتیش لە بواری تەکنەلۆژیا و تواناسازی گەنجانی داهێنەر و کارسازدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پڕۆژەی فاوندەیشن هەبەوە کە سەنتەرێکی گرنگی راهێنان و تواناسازی داهێنەر و کارسازە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێتەوە. هەردوولا هاوڕابوون کە ئەم پڕۆژەیە رۆڵی دەبێت لە پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی داهێنەر و بەهێزترکردنی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی داوایکرد وڵاتی ژاپۆن لە سەرخستنی پڕۆژەکەدا هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، چ لە رووی ناردنی راهێنەر و چ لە کردنەوەی خولی راهێنان لە وڵاتی ژاپۆن بۆ داهێنەر و کارسازی هەرێم. باڵیۆزی ژاپۆن لەمبارەیەوە ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە.