توێژینەوەیەک هۆکاری زووتر چوونە ناو سووڕی مانگانەی کچان ئاشکرادەکات

توێژینەوەیەک کە لەلایەن زانکۆی هارڤارد و خوێندنگەی چان بۆ تەندروستیی گشتی و پەیمانگای نیشتمانی بۆ زانستە ژینگەییەکان و کۆمپانیای ئەپڵ کراوە دەڵێت، “چوونە ناو سووڕی مانگانەوە، لەناو کچاندا پێشکەوتووە و زۆرینەیان بەر لە 12 ساڵی تیایاندا دەستپێدەکات”.

ئەو داتایانەی بۆ توێژینەوەکە پشتی پێبەستراوە، کۆمپانیای ئەپڵی ئەمریکی دابینیکردووە و لەسەر بنچینەی توێژینەوەی 71 هەزار و 341 کەس بووە کە مۆبایلی ئایفۆن یاخود کاتژمێری ئەپڵیان بەکارهێناوە.

داتاکان دەریانخستووە، کچانی لەدایکبووی نێوان ساڵانی 2000 بۆ 2005 لە ئاستێکی مامناوەنددا، لە 11 ساڵی و نۆ مانگیدا سووڕی مانگانەیان دەستپێدەکات، لەکاتێکدا لە رابردوودا و بەنمونە لەدایکبووانی نێوان ساڵانی 1950 بۆ 1969 یەکەم سووڕی مانگانەیان لە 12.5 ساڵیدا دەستی پێدەکرد.

دکتۆر زیفان وانگ، توێژەری سەرەکییە لە توێژینەوەکە و دەڵێت، ئەم بابەتە جێگەی بایەخە چونکە زوو دەستپێکردنی سوڕی مانگانە و هەبوونی سوڕی مانگانەی ناڕێک دەتوانێت ئاماژەبێت بۆ کێشە تەندروستییە ئەگەرییەکان لە دواتردا و ئەم گۆڕانکاریانە رەنگە ببنە هۆی کێشەی تەندروستی زیاتر و جیاواز.

ئەو توێژەرانەی کاریان لەسەر توێژینەوەکە کردووە، ئاماژەیان بەوە کردووە زوو دەستپێکردنی سوڕی مانگانە بەهۆی چەندین هۆکارەوە دەکرێت رووبدات، یەکێک لەوانە قەڵەوییە، کە توێژەران وەک یەکێک لە هۆکارەکان دیارییان کردووە و توێژینەوەی لەبارەوە دەکەن لە ئێستا، ئەوەش دوای ئەوەی قەڵەوی لەناو منداڵانی ئەمریکادا زیادیکردووە.

هاوکات لەگەڵ قەڵەویدا، چەند هۆکارێکی دیکە هەن وەک جۆری خواردن، هۆکارە ژینگەییەکان، فشار و قەلەقی و ئەزموونە نەرێنییەکانی منداڵی، هەموو ئەمانە کاریگەرییان دەبێت لەسەر سووڕی مانگانەی کچان.

بابەتی پێشتر

گەشتوگوزاری سلێمانی: لە پشووەکانی جەژندا نزیکەی 160 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی کردووە

بابەتی دواتر

رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و چوار برینداری لێکەوتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share