گۆڕانی ئاووهەوا هۆکاربووە.. ئەو کارەساتە سروشتییانەی لە 2021دا ڕوویانداوە

لە ساڵی 2021دا جیهان ژمارەیەکی پێوانەیی لە کارەساتە سروشتییەکان تۆمارکرد، زۆرینەشیان بۆ گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا گەڕێنرانەوە، بەپێی پێشبینییەکان ئەو جۆرە کارەساتانە لە داهاتوودا زیاتردەبن.

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەپێی بۆچوونی زانایان ئەوەی لەمساڵدا ڕوویانداوە، زۆرینەیان دەرەنجامی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا بوون و پێشبینیش دەکرێت لەداهاتوودا ئەگەر گۆرانکارییەکانی ئاووهەوا بەوجۆرە بەردەوامبێت ئەو کارەساتانە زیاترببن.

دیارترین کارەساتە سروشتییەکانی ساڵی 2021:

کانونی دووەم.. شەپۆلێکی توندی سەرما ڕووی لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا کرد کە بەهۆیەوە 125 کەس گیانیان لەدەستدا، ویلایەتەکە بێکارەبا بوو بەهۆی حاڵەتی بەستن تێیدا.

شوبات.. کینیا و هەندێک ناوچەی دیکەی ئەفریقا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی کوللـە بوونەوە کە بەخراپترین حاڵەتی لەو شێوەیە دادەنرێت لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، کێڵگە و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچانەی تووشی زیانی گەورە و وێرانکەر کرد.

ئازار.. گۆڕانی ڕانگی ئاسمانی پەکینی پایتەختی چین بۆ ڕەنگی پرتەقاڵی و ڕاگیرانی گەشتە ئاسمانییەکان، بەهۆی خراپترین شەپۆلی خۆڵبارین لە دەیان ساڵی ڕابردوودا کە ڕووی لەو ناوچەیە کرد.

نیسان.. ڕۆژئاوای ئەمریکا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی وشکبوونەوەبوو کەبەهۆیەوە بەشێک لە جوتیارانی ئەو ناوچانە کۆچیان کرد و بەرپرسانیش ڕایانگەیاند بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو لە بەنداوی هۆبەر بۆ نزمترین ئاست لەمێژوویدا بووە، لەهەمان مانگدا ئەمریکا و کەنەدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای کەموێنە لەمێژوویدا ناوچەکەدا بووەوە کەزانایان پێیانوایە جگە لە گۆرانکاریی ئاووهەوا هیچ هۆکارێکی دیکە ئەو شەپۆلە توندە دروستناکات.

ئایار.. لە هەرێمی خینان لەناوەڕاستی چین لافاوێکی مێژووی ڕوویدا و بەهۆیەوە 300 کەس گیانیان لەدەستدا.

هەمان مانگ نزیکەی 200 کەس لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا گیانیان لەدەستدا بەهۆی شەپۆلێکی زۆری بارانبارین و لافاو.

هەروەها بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای توندەوە ئاگر لە دارستانەکانی ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا و ئاریگۆن کەوتەوە و کەبەگەورەترین ئاگر دادەنرێت لە مێژووی هەردوو ویلایەتەکەدا.

ئاب.. بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای توندەوە لەناوچەکانی دەریای ناوەڕاست ئاگری گەورە لە دارستانەکانی تورکیا، لوبنان و جەزائیر کەوتەوە.

کۆتایی ئاب.. دەستپیکردنی توانەوەی شاخە سەهۆڵینەکان لەسەرتاسەری جیهاندا کەیەکێکە لەخراپترین دەرەنجامەکانی قەتیسبوونی گەرما.

ئاب و ئەیلول.. هەڵکردنی زریانی ئایدا لەویلایەتی لویزیانای ئەمریکا کەبەهۆیەوە 100 کەس گیانیان لەدەستدا و ئەو زیانانەی لێیکەوتەوە بە نزیکەی 64 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ئەیلول.. ڕووبەڕووبوونەوەی ژێرخان و باڵەخانەکانی ڕوسیا بە وێرانبوون بەهۆی زۆربوونی چینی بەستووی ڕووی زەوی لەو ناوچانە.

تشرینی یەکەم.. ڕوودانی خراپترین لافاو و زریان لەماوەی 60 ساڵی ڕابردوودا لە سودان کاریگەریی لەسەر ژیانی 780 هەزار کەسی ئەو ناوچەیە هەبوو کەدەکاتە یەک کەس لەهەر 14 کەسێکی دانیشتووانەکەی.

بابەتی پێشتر

لیرەی لوبنانی لە هەرەسدا ژمارەی پێوانەیی تۆماركرد

بابەتی دواتر

سامانە سروشتییەکان: حکومەتی عێراق نرخی نەوتی لەسەر گرانکردووین و یەک لیتریشی نەناردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share