پێشڕەو مەلاوەیسی رۆژنامەنووس و میدیاكار لە نووسینێكیدا دەڵێت، “ئەو بێدەنگییەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەت، پێمان دەڵێت بێباكن لە مەرگ و مردنی هەمووان و سەر هەڵگرتنی هاوڵاتییەكانی هەرێم، ئەگەر بێباك نە بوونایە، دەبوو پرسەی سەرتاسەری رابگەیەنرایە”.
دەشڵێت، “یان ئەوەتا دەیانەوێت هەمووان سەر هەڵگرین و بمرین، تا خۆیان و نەوەكانیان زیاتر و باشتربژین، یان ئەوەیە ئەوان لە ئازاری جەرگ سووتان تێناگەن، چونكە منداڵەكانی خۆیان بە ڤیزەی شنگن و ڤی ئای پی سەفەردەكەن؟.. یان ئەوان دەریا وەك گەشتێك دەبینن وەك خۆیان بۆ چێژ بینین؟ ئەها بۆیە دەنگیان نییە ئێستا لەسەفەری ئەوروپان و ئاگایان لە نیشتمان و خەڵكە بەش مەینەتەكەی نییە، یان ئەوەتا واسەیری ئەو مەرگەساتە دەكەن كە وەك هەڵاتوویەك سەیریان دەكەن و خۆشحاڵن بەو مەرگەساتەی تووشی چەند گەنجێكی خێر لە خۆنەدیوی ئەم هەرێمە بووە”؟
ئەو رۆژنامەنووسە دەشڵێت، “كۆچ لە پێناوی نان و ژیانێكی شایستە بووەتە دێوەزمە و هەر رۆژە و تیرێكی ژەهراویی لەسەر دڵی تاك و نیشتمان دەدات و كام نیشتمان ئەو نیشتمانەی خەڵكە هەژار و بەشمەینەتەكەی سەری خۆی هەڵدەگرێت و ئاوڕیشی لێناداتەوە، ئاخر نیشتمان بەوان چی كە نانی شەوێك و ژوورێكی تێدانەبێت تا ژیانی تێدا بگوزەرێنێت، نیشتمان بەوان چی كە نان و بژێویی رۆژێكی منداڵاكانی بۆ دابیننەكات”؟!
باسی لەوەش كردووە، ئەوان شوێنكەوتەی ژیان و نان و دۆزینەوەی خودبوون وەك خۆیان، تا رزگاریان بێت لەو تەبەقە چینایەتییەی رۆژانە دەیانی كوشت و دەیانی چەوساندەوە، ئەوان زووتر دركیان بە دۆزینەوەی شووناسی راستەقینەی خۆیان و پاشە رۆژیانكرد، بۆیە سەریان هەڵگرت و تەنانەت مەرگەكەشیان گواستەوە دەریاكان وەك ئەوەی پێمان بڵێن، بۆ مەرگیش خاك بۆ ئێمە نییە و نامانەوێت، ئەوان خۆیان رادەستی قەدەركرد.
لە كۆتایی نووسینەكەیدا دەڵێت، “رۆحتان شاد و ئارام بێت، وەك ئەو خەیاڵانەی لە بیر و هزری خۆتاندا وێناتانكردبوو كە تێیدا بژین بە شكۆمەندییەوە، ئێوە بە مەرگی خۆتان لەم جەژنی قوربانەدا خۆتانكردە قوربانی تا پێمان بڵێن مرۆڤایەتی و شكۆی تاك لە لای سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتی هەرێم بوونی نییە و بەمەرگی خۆتان رێگای سەرفرازی و رزگاریتان نیشانداین”.