13 حاجی دانیشتووی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش بێسەروشوێنن

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، ژمارەی ئەو حاجییانەی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 13 کەس و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون.

کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا 13 حاجی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە و لەو ژمارەیە تەنها یەک حاجی کە خەڵکی گەرمیانە بە مۆڵەتی فەرمی چووەتە سعودیە و ئەوانەی دیکە بە ڤیزای گەشتیاری و ڤیزای ساڵی حەجیان کردووە.

کاروان ستونی باسی لەوەشکرد، تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە لە سعودیەوە بەشێوەیەکی گشتیی چەند کەس بێسەروشوێن بووە و چەند کەس گیانی لەدەستداوە و دوای تەواوبوونی مەڕاسیمی حەج ئامارەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەوە رادەگەیەندرێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێم بڵاویکردەوە، کەسوکاری ئەو هاوڵاتییانەی کە ونبوون یان دەستگیرکراون لە سعوودیە دەتوانن پەیوەندی بە بەرپرسی نووسینگەکانی حەج و عومڕە لە هەرچوار پارێزگای هەولێر – سلێمانی -دهۆک – هەڵەبجە و هە رچواری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران -گەرمیان – راپەرین – زاخۆ بکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوەکانیان.

بابەتی پێشتر

ئەمریکا گروپێکی چەکداریی عێراقی خستە لیستی تیرۆرەوە

بابەتی دواتر

زیقار بە 51 پلەی سیلیزی گەرمترین شاری عێراقە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share