حکومەتی هەرێم باج ڕێکدەخاتەوە و باجی دەرامەت لە کارمەندانی کەرتی تایبەت دەسێنێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە چەند بڕیارێک سیستمی باجی لە هەرێم ڕێکخستووەتەوە و بڕیارە باج لەسەر کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و گەیاندن جێبەجێبکرێت و باجی دەرامەتیش لە کارمەندانی کەرتی تایبەت بسەندرێت.

حکومەتی هەرێم لە چەند نوسراێکدا، ئەمڕۆ 11ی کانوونی دووەم، بڕیارەکانی ڕێکخستنەوەی باجی ڕاگەیاند و بەپێی ئەو بڕیارە، لەمەودوا 20%ی باج لە کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت و گەیاندن وەردەگیرێت و دەبێت هاوشێوەی کۆمپانیاکانی دیکەی لە عێراق، پابەندبن بەم باجدانەوە.

دیاریکردنی بنەماکانی پابەندکردنی کۆمپانیا بەشداربووەکانی بواری گەیاندن (کۆڕەک تیلیکۆم، ئاسیا سێڵ و زین) بە پێدانی باجی فرۆشراوەکان لە بەرامەبەر پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری هەرێمی کوردستان.

لە بڕیارێکی دیکەدا هاتووە وەزارەتەکانی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، ناوخۆ و سامانە سرووشتییەکان بۆ دیارکردنی بنەماکانی وەرگرتن و پابەندکردنی کۆمپانیاکانی سکیوریتی لە بواری نەوت و گاز بە پێدانی باجی شایستە.

لە بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، ” راسپاردنی وەزارەتەکانی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری، بە دیاریکردنی بنەما و میکانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە رەچاوکردنی بەکارهێنەر و بەرژەوەندی گشتیی”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان هەریەکە لە وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری / بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری و بازرگانی و پیشەسازی لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان رادەسپێرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پرۆژانە کە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی کاردکردن و وەبەرهێنانیان هەیە، بەپێی یاسا و رێنماییە بەرکارەکان لێخۆشبوونی گومرگی و باج دەیانگرێتەوە و لە هەمان کاتدا سوودمەندن لە رێکارەکانی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی، بەمەبەستی دیاریکردنی میکانیزمێکی گونجاو بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ لە ئەستۆگرتنی بەشێک لە پابەندییە داراییەکان بەرامبەر بە حکومەت.

لە خاڵێکی دیکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ژمێریایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ پێداچوونەوە بە وەرگرتنی (رسومات) کە لەلایەن دەستە و کۆمەڵەکان وەردەگیرێن، تاوەکو میکانیزمێکی گونجاو دیاریدەکرێت و (رسوماتەکان) لەلایەن حكومەتەوە وەربگیردرێن.

بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوتیش دەگرێتەوە و لەخاڵێکدا دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتەکانی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی بۆ دیاریکردنی میکانیزم و بنەمانی گونجاوی وەرگرتنی (باجی لێبڕێنی راستەوخۆ) لەو کارمەندە بیانییانە راسپاردووە، کە لە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.

خاڵێکی دیکەی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات، کە هاوشێوەی حکومەتی عێراق باجی فرۆشراوەکان (مبیعات) لە میوانخانە و چێشتخانەی 4 ئەستێرە بەسەرەوە وەردەگیرێت و حکومەت وەزارەتەکانی دارایی و ئابووری و وەزارەتەی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ ئەم مەبەستە راسپاردووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە باجی شایستە لە بواری ریکلام لە کەرتەکانی (گشتی و تایبەت) وەربگرێت و بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن و رۆشنبیری و لاوان و دارایی و ئابووری و شارەوانی و گەشتوگوزاری راسپاردووە.

لەمەودواش بە بڕیاری حکومەت وەزارەتی دارایی و ئابووری (رسومات) لەبەرامبەر لێدانی ستیکەر (Lable) لەسەر مەوادەکانی (جگەرە و کحول) هاوشێوەی بەکارهێنانی ستیکەری دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.

حکومەتی هەرێم ماوەی ٦٠ ڕۆژ واتە دوو مانگی بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە داناوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕاپێردرێت بەجێبەجێکردنی.

بابەتی پێشتر

بومەلەرزەیەک دەوروبەری سلێمانی هەژاند

بابەتی دواتر

وادەی گەیشتنی ڤاکسینی دژەکۆرۆنا بە عێراق دیاری دەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share