وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت، پێیانباشە هەرچی زووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، وەك یەكێتی پێمانباشە هەرچی زووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت.
دەربارەی ئەوەی ئایا یەكێتی كاندیدەكانی بۆ هەڵبژاردن دەگۆڕێت سەعدی پیرە باسی لەوەكرد، تائێستا هیچ زانیارییەكی نییە لەبارەی گۆڕانكاری، ئەوە ئیشی دەزگای هەڵبژاردنە و گۆڕانكاری بەپێی پێویست ئەنجامدەدات.
سەبارەت بەوەی ئایا جارێكی دیكە هەڵبژاردن دواناخرێت، وتەبێژی یەكێتی وتی، “باوەڕەكەم دواخستنەكە كۆتاجاربێت، چونكە دامەزراوەكان لە بۆشایی و مەترسیدان، دۆستەكانمان پەرۆشن، ئێمەش راستگۆیی خۆمان لەدەستدەدەین، لەلایەك لەگەڵ هەڵبژاردن و سیستمی پەرلەمانیدا بین، لە بەرامبەریشدا ئیشەكانی جێبەجێ نەكەین، نابێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، یەكێتی هیچ كات داوای رەتكردنەوەی كورسیی كۆتاكانی نەكردووە، لەئێستاشدا كە پێنج كورسییان بۆ گەڕاوەتەوە پیرۆزباییان لێدەكەین، ئەوانەشی لەبارەی كورسیی كۆتاكان هێرشدەكەنەسەر یەكێتی، نوێنەری كۆتاكان نین.