قوباد تاڵەبانی: لە نزیكترین كاتدا مووچە دابەشدەكرێت

جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، لە نزیكترین كاتدا مووچە دابەشدەكرێت و دەشڵێت، رێككەوتنمان لەگەڵ لەگەڵ بەغداد كردووە ناوی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانیان بۆ دەنێرین.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، رێككەوتووین لەگەڵ حكومەتی ناوەند ناوی ئەندامانی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان، ئەگەر ئەمڕۆ نەنێردرێت، سبەی رەوانەی بەغداد دەكرێت.

وتیشی، “لەلایەن دیوانی چاودێریی هەردوولاش لیژنە پێكهێنراوە بۆ وردبینی لیستی ناوەكان”.

دەربارەی مووچەی مانگی ئایاریش قوباد تاڵەبانی وتی، بەشێك لە مووچەی مانگی پێنج گەیشتووە و بەمنزیكانە دەست بە دابەشكردنی دەكرێت. دڵنیاییشیدا مووچەی هیچ كەسێك نافەوتێت.

ئەو وتانەی جێگری سەرۆك وەزیران لەمیانەی رێوڕەسمی كردنەوەی پرۆژەی (یەکتربڕی بەردەم باخی بەختیاری) لە سلێمانی-دا بوو، كە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بەڕێوەچوو.

دەربارەی پرۆژەكە قوباد تاڵەبانی باسی لەوەكرد، پێشتر كێشەیەكی گەورەی هاتوچۆ لەم شەقامەدا هەبوو، بەم پرۆژەیە ئەو كێشەیە چارەسەربوو كە كارئاسانی بۆ هاتوچۆ دەكات و دەبێتە دەرچەیەك بۆ چارەسەری گرێكوێرەی هاتوچۆ.

روونیشیكردەوە، پێنج پرۆژەی لەم جۆرە دروستدەكرێت كە شاری سلێمانی دەكات بە شارێكی پێشكەوتوو لە بواری هاتوچۆدا، كە شارەوانیی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەت ئەنجامیاندەدات.

بابەتی پێشتر

پرۆژەی یەکتربڕی باخی بەختیاری لە سلێمانی كرایەوە

بابەتی دواتر

راگرتنی گەشتەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا درێژکرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share