وەفدی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان كۆبووەوە و تایبەت بە هەوڵ و رێكارەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت بڕیارە وەفدێك سەردانی بەغداد بكات.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر كۆبووەوە و لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، لە بڕگەی یەکەمدا راپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) لەلایەن دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان خرایەڕوو، دوای ئەوەی ئەم پلانە لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2021 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا و کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە راپۆرتەکەدا بە داتا و زانیاریی وردەوە، ئاماژە بە رێکارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرابوو بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی راگەیاندن و نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکان، هەڵسەنگاندنێکی گشتگیریش بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لەسەر ئاستی هەر سێ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری کرا.

ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەکانی راسپارد بەردەوام بن لە هەنگاوەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پلانی پەسەندکراو وەک بەشێک لە کارنامە و پلانی کابینەی نۆیەم، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

لە بڕگەی دووەمدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، راپۆرتێکی لەبارەی دوا هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و راسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت خستەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی راسپارد، کاری پێویست بکەن لەسەر ئەو پێشنیارانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانەڕوو بە ئاراستەی سوودوەرگرتن لە گەنمی جووتیارانی هەرێم لە چوارچێوەی پلانێکی کشتوکاڵی گونجاو و هەروەها گرتنەبەری رێکاریی پێویست بەپێی ئەو پێشنیارانەی لە راپۆرتی وەزیری کشتوکاڵدا هاتبوون.

دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێكی دیكەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران بوو و لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامن بۆ هەرچی زووتر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، بۆ ئەم مەبەستەش، وا بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، وەفدی حکومەتی هەرێم و کۆمپانیا نەوتیەکان لەسەر بانگهێشتی وەزارەتی نەوتی عێراق، بەیەکەوە سەردانی بەغداد بکەن بۆ گفتوگۆکردن و دانانی میکانیزمی چارەسەر بۆ لابردنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.

ئەنجومەنی وەزیران رێنوێنی دایە وەفدی دانوستانكار بۆ هەرچی زووتر گەیشتن بە رێکەوتننامەیەکی گشتگیر و هاوسەنگ لە چوارچێوەی دەستوور بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ و خستنەگەڕی داهاتەکەی بۆ خزمەتی گەنجینەی گشتی، ئەمەش پێویستە لەسەر بنەما دەستوورییەکان و لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی هەرێم بێت.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی نەوتی عێراق: بەڕێژەی 25% بازرگانیی ئەلیکترۆنی زیادیکردووە

بابەتی دواتر

قائیمقامیەتی بازیان: هەر بریکارێکی خۆراک کارتی زیرەکی نەبێت بەشە خۆراکی بۆ داناگیرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share