“گرانبوونی غازی ماڵان بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بووە”

یەكێك لە پێداویستییە گرنگەكانی هاوڵاتییان غازە، لە دوای بەرزكردنەوەی بەهای دۆلارەوە لە عێراق، نرخی یەك بوتڵ غازی ماڵان یەك هەزار دیناری چووەتە سەر.

هۆكاری گرانبوونی غازی ماڵان دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەوەی، گرێبەستی فرۆشتنی ئەو غازە بە كارگەكان بە دۆلار كراوە لە كاتێكدا بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، بەڵام دابەشكارێكی غاز دەڵێت، “ساڵانە لەم وەرزەدا هەوڵی گرانكردنی غاز دەدرێت و ئەمساڵ بۆیان چووەسەر”.

لە دانەغازەوە بۆ ماڵان

سەبارەت بە گرانبوونی غازی ماڵان جەبار عوسمان، دابەشكاری غاز لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستا-ی وت، “هەموو ساڵێك لەم كاتەدا بەڵێندەران و كۆمپانیاكانی تایبەت بە دابینكردنی غاز، هەوڵی گرانكردنی دەدەن و ڕێوشوێن دەگرنەبەر، چونكە ئەم وەرزە هاوڵاتییان و دەواجن و كۆمپانیاكان زیاتر پێویستیان بە غازە”.

جەبار عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمساڵ و لە ئێستادا گرانبوونی دۆلاریان كردووە بە بیانووی گرانكردنی غازی ماڵان، بۆشیان چووەتەسەر، چونكە كۆمپانیاكان بە دۆلار گرێبەستیان كردووە”.

ئەو دابەشكارەی غاز ئاماژەی بەوەشكرد، “ئێستا غاز لە كەركوك و قەرەهەنجیر و كەلار گران نەبوون، كەچی لە سلێمانی گران بووە نازانین ئەو جیاكارییە چییە”.

لەبارەی پرۆسەی دابەشكردنی غاز، جەبار عوسمان باسی لەوەشكرد، “چەند بەڵێندەرێك كە ژمارەیان لە پەنجەكانی یەك دەست تێپەڕناكەن گرێبەستیان لەگەڵ دانەغاز هەیە و ئەوان غاز دەدەن بە كارگەكان، لەوێوە دەكرێتە بوتڵەوە و دابەش دەكرێت بەسەر ئەوانەی پێویستییانە”.

بە گوێرەی ئەو زانیاریەی ئەو دابەشكارەی غاز ئاشكرایكرد، “لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە و ئیدارەكانیشەوە، 70 كارگەی غاز هەن”.

ئەوەشی وت، “غازی ماڵان بە بوتڵەكەوە 28 كیلۆیە، 12 كیلۆ غازی تێدایە و 16 كیلۆش كێشی بوتڵەكەیە بە بەتاڵی، قائیمقامیەتی سلێمانی-ش چاودێریی ئەو وەزنانە دەكات”.

دابەشكارەكەی غاز ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “پێموایە لە دوای مانگی دووەوە كە خواست لەسەر غاز كەم دەبێتەوە نرخەكەی جارێكی دیكە دابەزێندرێت”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاری گرانكردنی داوە

لەبارەی گرانبوونی بەهای غازی ماڵان، دیمەن ڕەزا، ئەندامی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستا-ی وت، “ئەمڕۆ وەك لیژنەی پیشەسازی و وزە لەگەڵ بەڕێوبەرانی سوتەمەنیی گەرمیان و سلێمانی كۆبووینەوە و ئەو بابەتەمان تاووتوێكرد”.

دیمەن ڕەزا ئەوەشی ئاشكراكرد، “پرسیارمان كرد هۆكاری گرانكردنی نرخی غاز چییە؟، وتیان گرێبەستەكەی كۆرمۆر نوێكراوەتەوە بە دۆلارە بۆیە لەسەر كارگەكان گران كراوە”.

هەرچەندە ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، تێبینییان هەیە كە بەبێ ڕاگەیاندنی گرێبەستەكە نوێكراوەتەوە، ئەوەشی وت، “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە زارەكی بە بەڕێوبەرایەتییەكانی سووتەمەنی وتووە نرخی غاز گران بكەن”.

سەبارەت بە جیاوازیی نرخ لەنێوان بەشێكی شارەكاندا، دیمەن ڕەزا ئاشكرایكرد، “گەرمیان زۆرترین غازی لە كەركوك-ەوە بۆ دێت بۆیە گرانی نەكردووە”.

“گرانكردنی نرخی غاز بارگرانی بۆ هاوڵاتییان دروستكردووە، خەممانە ئەو بابەتە بجوڵێنین بۆ ئەوەی زیاتریش گران نەبێت و هیچ نەبێت لەوێدا بووەستێت”، ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وای وت.

بانكی ناوەندی دۆلاری بەرزكردەوە

بانکی ناوەندیی عێراق، ڕۆژی 20ی کانونی یەکەمی ساڵی 2020، نرخی دۆلاری بەشێوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “نرخەکان لە ئەمڕۆوە جێگیرە و ناگۆڕێن”.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا بانکی ناوەندیی عێراق بڵاویکردەوە، نرخی دراوی بیانیی (دۆلاری ئەمریکی) بۆ دیناری عێراقی لە ئەمڕۆوە نرخەکان بەمجۆرە دەبن؛

یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 1450 دیناری عێراقی لە وەزارەتی دارایی.

یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 1460 دیناری عێراقی لە فرۆشتنی بە بانکەکان.

یەک دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە 1470 دیناری عێراقی لە فرۆشتنی لە بانکەکانەوە بۆ دامەزراوە نابانکییەکانی دیکە و هاوڵاتییان.

ڕۆژی 28ی کانونی یەکەم، بریکارەکانی فرۆشتنی غازی ماڵان ئاشکرایانکرد، هەزار دینار گرانتر غاز-یان دەستکەوتووە، بۆیە لەسەر هاوڵاتییانیان گران كرد.

بابەتی پێشتر

ماهیر حەسەن: جارێ پیر نەبووم

بابەتی دواتر

ئودینێزی 1-2 ناپۆلی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share