بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سلێمانی سەردانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد.
لە دیدارێكدا كە شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، شێخ ئەحمەد حەمە كەریم و د. هاوڕێ شێخ دارۆ، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، جەلال شێخ ناجی، ئەندامی سەركردایەتی ئامادەبوون، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا و جەخت لە پاراستنی یەكڕیزی و گفتوگۆی بوونیادنەرانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە بەشێوەیەك كە هەموو هەنگاوەكان لەپێناو خزمەتی گشتی و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكاندا بێت.
لەدرێژەی دیدارەكەدا كاری رێكخراوەیی، گەشەپێدانی ئۆرگانەكان و راپەڕاندنی ئەركە حزبییەكان تاوتوێكران، سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە گۆڕانكارییەكان و رێكخستنەوەی ناوەندە حزبییەكان كرد و رایگەیاند، ئامانجی یەكێتی خزمەتكردنی خەڵك و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە، هەموو هەنگاوەكانیش لەوچوارچێوەیەدا بوون و لەپێناو گونجان لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و خواستەكانی خەڵكدا بووە.
هەر لە دیدارەكەدا بڕیار لە تەواوكردنی رێكار و هەنگاوەكانی كۆنگرەی پێنجی یەكێتی درا بە شێوەیەك لەگەڵ پەیڕەو و پرۆگرامی حزبدا بگونجێت.لەبەرامبەردا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وێڕای ئەوەی لەبارەی راپەڕاندنی ئەركەكان و سیاسەتی یەكێتی روونكردنەوەیدا، ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە هەموو ئۆرگانەكان هاوكار و هەماهەنگبن و لە هەوڵی بەردەوامدابن لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك و بەدەمەوەچوونی داواكارییەكانیان.