کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق کردەوە و بە پێی زانیارییەکان، تا ئێستا هیچ لایەن و کەسێک خۆی تۆمارنەکردووە.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەک لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستا-ی وت، “لە دوێنێ شەممە 9ی کانونی دووەمەوە، دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ لایەنە سیاسییەکان و هەر کەسێک کە بیەوێت خۆی کاندید بکات کراوەتەوە بۆ ناو تۆمارکردن”.
بە پێی سەرچاوەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو 16ی کانونی دووەم، ناو تۆمارکردن بەردەوام دەبێت، هەموو هاوڵاتییەکیش کە مەرجەکانی یاسای هەڵبژاردنی تێدابێت، مافی خۆکاندیدکردنی هەیە.
تۆڕی میدیایی ئێستا زانیویەتی، تا ئێستا هیچ کەسێک لە پارێزگای سلێمانی ناوی بۆ خۆکاندیدکردن تۆمارنەکردووە.
یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق لە 50 بڕگە پێکهاتووە و بە گوێرەی یاساکە، ململانێی کاندیدەکان لەسەر ئاستی کەسی دەبێت نەک لیستی حزبی، بۆ هەر 100 هەزار کەسێک کورسییەکی پەرلەمانی لەسەر ئاستی قەزاکان دیاریکراوە، ئەگەر قەزایەکیش کەمتربوو لەو ڕێژەیە، ئەوا لەگەڵ نزکترین قەزا لێوەی دەکرێتە یەک بازنەی هەڵبژاردن.