پۆچتینۆ دەیەوێت پێکهاتەیەک لە چواردەوری پۆگبا بونیادبنێت

یانەی پاریس سانت جێرمان لە گواستنەوەکانی هاوینی 2021 هەوڵی کڕینی پۆگبا دەدات

یانەی مانچستەر یونایتد پێداگری لە بەردەوامبوونی پۆل پۆگبا ناکات و یانەکانی پاریس سانت جێرمان و یوڤانتۆس کێبڕکێ بۆ گواستنەوەی دەکەن.

ماڵپەڕی کالچیۆ میرکاتۆی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، لە دوای لێدوانەکانی مینۆ ڕایۆلای لێپرسراوی کارەکانی پۆگبا، پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و ئیدارەی یونایتد بەرەو خراپبوون ڕۆشتووە، بەرپرسانی “ڕێد دێڤڵز” بڕیاریانداوە لە هاوینی 2021 ڕێگری لە ڕۆیشتنی نەکەن و یانەکانی یوڤانتۆس و ڕیاڵ مەدرید وەک دوو یانەی خوازیار خۆیان نیشانداوە.

بەهۆی قەیرانی داراییەوە یانەی ڕیاڵ مەدرید تاڕادەیەک کشاوەتەوە، بەڵام یوڤانتۆس خەونەکانی بەردەوامە و یاریزانە ڕەش ئەسمەرەکەش خەونیەتی دووبارە بگەڕێتەوە بۆ ڕیزەکانی بیانکۆنێری.

ڕۆژنامەی دەیلی ستاری بەریتانی نوسیویەتی، یوڤانتۆس تاکە یانە نییە هەوڵ بۆ پۆگبا دەدات، یانەی پاریس سانت جێرمان لەسەر ڕاسپاردەی ماوریسیۆ پۆچتینۆی ڕاهێنەر لە نوێترین جوڵەدا هەمان هەڵوێستیان نیشانداوە.

بەپێی سەرچاوەکە، ڕاهێنەری ئەرجەنتینی پاریس سانت جێرمان، پۆچتینۆ داوایکردووە بەهەر شێوەیەک بێت لە گواستنەوەکانی هاوینی 2021 پۆگبا دابینبکرێت، جەختیشی لەوە کردووەتەوە، ئەگەر بۆندەکەی واژووبکرێت بۆ وەرزی 2021/2022 پێکهاتەیەک لە چواردەوری بەهرەدارە 27 ساڵەکەی فەرەنسا بونیاددەنێت.

بابەتی پێشتر

میلان دوو یاریزانە پشتگوێخراوەکەی دەفرۆشێت

بابەتی دواتر

خۆپاڵاوتن دەستیپێكرد.. هاوڵاتیی ئاساییش دەتوانێت ببێتە پەرلەمانتار

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share