قوباد تاڵەبانی: حكومەتی هەرێم قۆناغی زۆر پێشكەوتووی لە بە ئەلیكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی حكومەتدا بڕیوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە چۆی سونگ سوو، باڵیۆزی كۆریای باشوور لە عێراق و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا سەبارەت بە پرۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەت و چەند پرسێكی دیكە گفتوگۆكرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی چوارشەمە لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆك وەزیران سوپاسی هاوكارییەكانی كۆریای باشووری كرد بۆ هەرێمی كوردستان و هیوای خواست هاوكارییەكانی ئەو وڵاتە بە تایبەت لە رووی گواستنەوەی ئەزموون و شارەزاییەوە لە بواری حكومەتی ئەلیكترۆنی بۆ كوردستان بەردەوامبێت.

باڵیۆزی كۆریای باشوور هاوكاری و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هەرێم دووپاتكردەوە و ئامادەییشی دەربڕی بۆ هاوكاریكردن لە پڕۆسەی بە ئەلیكترۆنیكردنی حكومەتدا.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا حكومەتی هەرێم لەم ساڵانەی دواییدا بە پەشتبەستن بە گەنجانی لێهاتوو و داهێنەری كورد، قۆناغی زۆر پێشكەوتووی لە بە ئەلیكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی حكومەتدا بڕیوە، وتیشی بەڵام هێشتا پێویستیمان بە هاوكاریی وڵاتێكی پێشكەوتووی وەك كۆریای باشوور هەیە”.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لەناو گەنجانی كورد كەسانی داهێنەری زۆر لێهاتوو لە بوارەكانی تەكنەلۆژیا و كارسازیدا هەڵكەوتوون، وتیشی، “ستراتیژ و پلانمان ئەوەیە زیاتر پەرە بە توانای گەنجانی داهێنەرمان بدەین و بەشدارییان بكەین لە دۆزینەوەی چارەسەری زیرەك بۆ كێشە جۆراوجۆرەكانی كوردستان.

لەم چوارچێوەدا جێگری سەرۆك وەزیران داوایكرد كۆریای باشوور هاوكاریی هەرێم بێت لە پەرەپێدانی توانای گەنجانی داهێنەری كوردستاندا.

بابەتی پێشتر

حکومەتی هەرێم لەبارەی بە بانكیكردنی مووچەوە زانیاریی نوێی ئاشكراكرد

بابەتی دواتر

نووسینگەی سودانی: رێككەوتن بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share