حکومەتی هەرێم لەبارەی بە بانكیكردنی مووچەوە زانیاریی نوێی ئاشكراكرد

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایدەگەیەنێت، كاری جددی كراوە لەسەر ئاسانكاری بۆ بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە لایەن بانكی تی بی ئای وەك بانكێكی حكومیی عێراقی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەك لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانكەكە كراوە بۆ كردنەوەی هەژماری بانكیی بۆیان و جەختیشكرایەوە كە پێویستە لیستی مووچە لە كاتی خۆیدا رەوانەی حكومەتی عێراق بكرێت.

بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنەکە كۆبووەوە و لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە كە میوانداریی فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرابوو، راپۆرتێكی وردی لەبارەی كار وچالاكییەكانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستەڕوو، لە هەمانكاتدا رەشنووسی نەخشەڕێگایەكی پێشنیازكرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتیی دامەزراوە تایبەتمەندەكانی هەرێم و حكومەتی عێراق لە ناویشیاندا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ناوچە كوردستانیيەكان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140ی دەستووری عێراق و كاركردن لە پێناو دیاریكردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی كوردستان.

دواتر جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆكی دەستە و هاوكارانی، پشتیوانی خۆی بۆ هێنانەكایەی نەخشەڕێگا و سیاسەتێكی نیشتمانی و كوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە كوردستانیەكان و كاركردنی جددیی لەسەر ئاستی دامەزراوەكانی هەرێم و فیدڕاڵیش بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ راگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێكارانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لەو ناوچانە كە هیچ خزمەت بە گیانی پێكەوەژیان لەو ناوچانە ناكات.

بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی راپۆرتێك لەبارەی خشتەكانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەكانی 2025-2024 كە لە كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە 19ی ئەم مانگە پەسەندكرا و ئەمەش دوای كۆبوونەوەی وەفدی حكومەتی هەرێم هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانكراوەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، راپۆرتەكە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و وەفدی دانوستانكارەوە خرایەڕوو.

لە هەمانكاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان كرا كە بەیەك دەنگ داكۆكی لە ماف و شایستەكانی هەرێم بكەن لە خشتەكانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025 و ئەنجومەنی وەزیران شاندی دانوستانكاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە هەماهەنگی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، هەرێمی كوردستان هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و لە دوا هەنگاویشدا رۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتیەكانی هەرێمی كوردستان.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كاری جددیی كراوە لەسەر ئاسانكاریی بۆ بە بانكیكردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانكی تی بی ئای وەك بانكێكی حكومیی عێراقی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەك لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانكەكە كراوە بۆ كردنەوەی هەژماری بانكیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوكراون و ئاراستەی حكومەتی فیدڕاڵ كران كە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی: تەرمی ئەو هاوڵاتییە دۆزرایەوە کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە چارەنووسی نادیار بوو

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: حكومەتی هەرێم قۆناغی زۆر پێشكەوتووی لە بە ئەلیكترۆنیكردنی دامەزراوەكانی حكومەتدا بڕیوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share