وادەی ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێم ئاشکراکرا

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیارە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا مووچەی هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکرێت و ئەگەر سبەی پێنجشەممە نەنێردرێت، ئەوا سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەنێردرێت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکرد، گرفتی مووچەی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی میکانیزمی ناردنی کۆدی هێزە ئەمنییەکانەوە بووە و کێشەی مووچەیان نزیکە لە چارەسەر بوون.
لیوا روکن بەختیار، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاندووە، بەهەمان میکانیزمی مانگی رابردوو کۆدی مووچەی هێزەکانیان لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە ناردووە بۆ بەغداد و بە پێی بەدواداچوونەکانیان لەسەر دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە بۆ نزیکی پەنجا رۆژ، لیستەکەیان لە وردبینی دایە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی نەشاردووەتەوە، دواکەوتنی مووچەی هێزەکانیان کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی و ژیانی و پابەندییەکانیان دەبێت.
لەلایەکی دیکەشەوە، سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناو ئامادەکراوە لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان، رەوانەی بەغداد دەکرێن و بەو جۆرە مووچەکانیان بۆ رەوانە دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەشێکی زۆری هێزە ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە و کۆتا مووچە کە مووچەی مانگی ئازار بووە نزیکەی 50 رۆژ پێش ئێستا پێیان دراوە.
بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم: پلەی گەرمی لە گەرمیان دەگاتە 43 پلە

بابەتی دواتر

دوو بارهەڵگر لە کەرکوک سووتان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share