ماوەی نزیکەی مانگێکە هاوڵاتییەکی سنووری قەزای قەرەداغ ونبووە و تائێستا چارەنووسی نادیارە.
رەئوف کەمال، قائیمقامی قەزای قەرەداغ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ کوڕی ئەو هاوڵاتییە کرد کە لە سنووری قەرەداغ ونبووە، پێیوتم تا ئێستا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی چارەنووسی باوکییەوە نییە.
قائیمقامی قەزای قەرەداغ، باسی لەوەشکرد، ماوەی 20 رۆژ بە چڕی لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و هاوڵاتییانی سنوورەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکان گەڕان بۆ ئەو هاوڵاتییە بەردەوامبوو و، ئێستاش کەسوکارەکەی لەگەڕان بەردەوامن.
ئەو هاوڵاتییە ناوی (نەجمەدین محەمەد)ە، تەمەنی 74 ساڵانە، خەڵکی گوندی تەکیەی سنووری قەزای قەرەداغ-ە، بە وتەی قائیمقامی قەرەداغ، کاتژمێر 10ی بەیانیی رۆژی یەکی ئەم مانگە بەمەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری و قەزوانی کێوی لە ماڵەوە چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە.