قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بەشداریكرد لە رێوڕەسمی كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەرێمی كوردستان و دواتر لەگەڵ ئەحمەد حەسەن ئەلحەمادی، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەكشەممە بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەكە لە سەفین دزەیی و دابان شەدەڵە، بەرپرس و جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم و باڵیۆزی قەتەر لە عێراق و كونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێم ئامادەیبوون، جێگری سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتیی قەتەری كرد لە هەرێمی كوردستان و بە هەنگاوێكی پێویستی دانا بۆ پتەوكردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاوازەكاندا.

لە تەوەرێكی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لە بارەی چۆنییەتی هاندانی وەبەرهێنەرانی قەتەری تا ڕوو بكەنە هەرێمی كوردستان و لەم بارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئامادەیی حكومەتی هەرێمی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە كارئاسانییەك بۆ وەبەرهێنەرانی وڵاتی قەتەر و رایگەیاند هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزاردا ناوچەیەكی گونجاوە بۆ وەبەرهێنان و هیوای خواست كونسوڵخانەی گشتی قەتەر هاندەربێت بۆ پەرەسەندنی وەبەرهێنانی قەتەر لە هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی چۆنییەتی پەرەپێدان و بەهێزتركردنی توانا مرۆییەكان كرا لە هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەوەی كە وڵاتی قەتەر ئەزموونێكی سەركەوتووی هەیە لەم بوارەدا، داوایكرد هاوكار و یارمەتیدەربن لە گواستنەوەی ئەزموونی ئەو وڵاتە بۆ كوردستان.

بابەتی پێشتر

سبەی یەكەم كاروانی حاجییانی هەرێمی كوردستان بەرەو سعودیە بەڕێدەكەون

بابەتی دواتر

دانا عەبدولکەریم: هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکان رادەستی بەغداد بکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share