عەلی حەمەساڵح: هەموو ئەو پڕۆژانەی سلێمانی كە لەم كابینەیەدا كران بەدەستكەوت كاركردن تیایاندا وەستاوە

عەلی حەمەساڵح

عەلی حەمەساڵح ڕایدەگەیەنێت، كۆمەڵێك گرفت یەخەی ئیدارەی سلێمانی گرتووە و ڕوو لە زیادبوونە، دەشڵێت، هەموو ئەو پڕۆژانەی لەم كابینەیەدا كران بە دەستكەوت و ڕێوڕەسمیان بۆ كرا سەرجەمیان كاركردن تیایاندا ڕاگیراون.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا لە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمان ڕایگەیاند، كۆمەڵێك گرفت یەخەی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕینی گرتووە و تادێت ڕوو لە زیادبوونە.

دەربارەی گرفتی مووچە لە سنوورەكە وتی، “ئەگەر دابەشكردنی مووچە بەم فۆڕمەی ئێستا بەردەوام بێت، بۆ ئەم مانگە قەبارەی ئەو وەزارەتانەی لە سلێمانی مووچە وەرناگرن یان دوادەكەون دوو هێندەی مانگی پێشوو دەبێت، ئەمەش بە پلەبەندی زیاددەكات وای لێدێت لە چەند مانگی ئایندەدا مووچەیەكی تەواوی پارێزگای سلێمانی دەفەوتێت”.

بۆ دابەشكردنی مووچە 600 ملیۆن دۆلار پێویستە، لەو بڕە 500 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی نەوت كە دەكاتە 44%ی فرۆشی نەوت دابیندەكرێت، ئەودوای پارەكە لە داهاتی ناوخۆ دابیندەكرێت كە پێویستە لە 43% لە داهاتی سلێمانی خۆی بێت، 57% لە داهاتی هەولێر و دهۆك، ئەو پەرلەمانتارە وای وت.

ڕوونیشیكردەوە، سلێمانی بۆ مووچە و نەسریە پێویستە مانگانە نزیكەی 90 ملیۆن دینار دابینبكات، بەرپرسانی ئیدارەی سلێمانی دەڵێن بە كۆی داهات نزیكەی 80 ملیار دینارمان هەیە.

سەبارەت بە دواكەوتنی مووچەی مانگی ڕابردووی هەندێك فەرمانگە لە سلێمانی عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەكرد، مانگی پێشوو نزیكەی 20 ملیار عجزی مووچە هەبووە، بە پارەی ئەم مانگەی نەوت پڕكراوەتەوە، بەمەش بۆ ئەم مانگە عجز دەبێتە دوو هێندە.

گازندەی ئەوەشیكرد، سەرۆكی حكومەت بڕیاردەدات و “خۆی بەدواداچوون بۆ بڕیارەكانی ناكات”، نمونەی ئەوەی هێنایەوە كە مانگی ڕابردوو وتیان 70 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوی چەمچەماڵ تەرخاندەكرێت، بەڵام تائێستا سەنتێكی سەرفنەكراوە.

ڕوونیشیكردەوە، هەموو ئەو پارانەی باسیان لێوەكراوە بۆ ڕێگای ڕانیە، ڕێگای دەربەندیخان-كەلار، ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان هیچ بڕە پارەیەكیان بۆ خەرجنەكراوە.

دەربارەی ئەو بڕیارەش كە لەماوەی ڕابردوودا ڕاگەیەنرا سەبارەت بە خەرجكردنی 800 ملیۆن دۆلار لە بودجەی بەهاناوەچوون بۆ كۆلێرا لە سلێمانی بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە سەرەڕای دەرچوونی بڕیارەكە سەنتێك سەرفنەكراوە، كەسیش بەدواداچوون ناكات.

عەلی حەمەساڵح دووپاتیشیكردەوە، “هەموو ئەو پڕۆژانە لەم كابینەیەدا كران بە دەستكەوت و ڕێوڕەسمیان بۆ كرا هەر هەموویان كاركردن تیایاندا ڕاگیراوە” و وتی، “873 پڕۆژە لە تێكڕای كایە جیاوازەكاندا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەم سنوورە ڕاگیراون”.

ئەوەشی خستەڕوو، دواهەمین پڕۆژە كە نایانەوێت بڵێن ڕاگیراوە شەقامی 100 مەتری سلێمانییە و وتی، “چەند ئۆتۆمبێلێكی كەم وەكو دەنگە دەنگ و تەقە تەق لەوێ ئیش دەكەن بەس بۆ ئەوەی بڵێن كاركردن نەوەستاوە، چونكە بڕیاربوو شەش ملیار دیناری مانگانەیان بۆ سەرفبكرێت، ئەگەرنا چل ساڵی تریش سەد مەتری سلێمانی بەم فۆڕمەی ئێستا ئیشی تیابكرێت تەواونابێت” هۆشداریشیدا ڕەنگە زستان ئەوەشی تائێستا كراوە بەهۆی لافاو و بارانەوە بڕوات و لەناوبچێت.

عەلی حەمەساڵح كە وتەكانی وەك “هۆشدارییەكی پێشوەختە” ناوبرد ڕاشیگەیاند، ئەمساڵ بۆ سنووری ئیدارەی سلێمانی دۆلارێك لە پارەی حكومەت بۆ كڕینی دەرمان سەرفنەكراوە.

بابەتی پێشتر

بەهۆی لافاوەوە لە ئەمریکا 25 کەس گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

هەسەدە ئۆپەراسیۆنی "سوێند"ی ڕاگەیاند<br>بۆ دەستگیرکردنی سیخوڕەکانە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

قوباد تاڵەبانی بۆ کەرکوکییەکان: کۆتایی بەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە دەهێنین و یەکێك لە ئێوە دەکەینەوە پارێزگار

سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە شاری کەرکوکەوە لە ڕێوڕەسمی بانگەشەی لیستەکەیدا ڕایگەیاند، “دەنگەکانتان بەفیڕۆمەدەن و هاوپەیمانی کوردستان وەک نوێنەری…
Total
0
Share