كۆمپانیای (ئەپڵ)ی ئەمریكی لە ساڵی 2007ەوە زیاتر لە 15 جۆر مۆبایلی ئایفۆن-ی خستووەتەڕوو، ئامادەكاریش دەكات بۆ پەردەلادان لەسەر ئامێرە نوێیەكەی (ئایفۆن 16) لە ئەیلولی داهاتوو.
پێگەی (كریتیڤ بلۆك) رایگەیاند، بەپێی زانیارییە دزەپێكراوە نوێیەكان، پاتری و كامێرا لە مۆبایلە نوێیەكەدا “گۆڕانكارییەكی تەواوەتییان” تیادا دەكرێت.
سەرچاوەكە پشتبەست بە راپۆرتە بڵاوكراوەكان ئاشكرایكرد، (iPhone 16 Pro Max) هەستەوەرێكی گەورەتری كامێرای سەرەكی لەخۆدەگرێت، لەكاتێكدا جۆری (iPhone 16 Pro) بۆ یەكەمجار کامێرای 48 مێگاپێکسڵی گۆشە سەروو فراوان لەخۆدەگرێت.
ئاماژەشیدا، هەستەوەری -پڕۆ ماكس- پشتدەبەستێت بە هەستەوەری Sony IMX903ی پێشكەوتوو بە روونی 48 مێگاپێكسڵ.
هەر بەپێی سایتەكە كامێراكانی ئایفۆن 16 بە دیزاینێكی نوێ و بەشێوەی ستوونی دەبێت، ئەمەش تواناكانی بۆ تۆماركردنی ڤیدیۆ بەرزدەكاتەوە.
هاوکات دەنگۆی ئەوەش هەیە کە ئایفۆن 16 پڕۆماکس تایبەتمەندیی زوومێکی تەلەفۆتۆی “سوپەر”ی هەبێت، کە دووریی زوومكردن لە 77 ملیمەوە بۆ 300 ملیم زیاددەکات. سەرچاوەکە روونیکردەوە، “ئەو توانا گەورەیەی زوومکردن بۆ فۆتۆگرافەرە داهێنەرەکان مایەی خۆشحاڵییەكی زۆر دەبێت”.