وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڵاویکردەوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی بۆ نەورەسەکانی دوورگەکەی دەریاچەی دووکان دەرکەوتووە بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندەوە بووە.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، لەدوای ئەوەی چەندین حاڵەتی مرداربوونەوەی نەورەسەکان لە دەریاچەی دووکان تۆمارکران، لەلایەن بەرپرسانی تەندروستی و
ڤێتێنەری هەرێم رێوشوێنی پێویست گیرایە بەر و نموونەکان لە تاقیگە پشکنینیان بۆ کرا و دەرکەوت تووشی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندەبوون، دواتر تیمێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق سەردانی شوێنەکەیان کرد و جارێکی دیکە پشکنین ئەنجامدرایەوە و ئەنجامەکان پشتڕاستکرانەوە.
ئاشکراشیکرد، لەناو کێڵگەکانی پەلەوەر و لەناو هاوڵاتییاندا بەهیچ جۆرێک نەخۆشییەکە بڵاونەبووەتەوە و هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە، لە هەر ئەگەرێکیش وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر.
لای خۆیەوە هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، نەورەسەکان لەدوای مرداربوونەوەیان لە شوێنكی دوور لە قووڵاییەکی زۆر سووتێنران و لەژێرخاک شاردراونەتەوە بۆ ئەوەی نەبنە مەترسی بۆ سەر مرۆڤ و زیندەوەرانی دیکە، دورگەکەش دەرمانڕێژ کراوە و پاکژکراوەتەوە.
ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێوەدەچێت لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسەشەوە دەکرێت و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.