وردەکاریی رووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەری سەرۆک کۆماری ئێران و گیانلەدەستدانی

دوانیوەڕۆی دوێنێ یەکشەممە، هەواڵی دیارنەمانی هێلیکۆپەتەرێک لە ئێران بڵاوکرایەوە و دواتر باس لەوەکرا، ئەو هێلیکۆپتەرە سەرۆک کۆماری ئێران و وەفدەی یاوەری تێدایە و ئاماژە بەوەکرا، دەکرێت تێکشکابێت، بەڵام چارەنووسی هێلیکۆپتەرەکە نادیار مایەوە و بە دەیان تیم لە گەڕاندا بوون، ئێران لە دۆخێکی تەواو نەخوازراودا مایەوە، تا لە ئەمڕۆدا راگەیەندرا کە تێکشکاوە و پاشماوەکەی دۆزرایەوە و دەرکەوت ئەوانەی تێیدا بوون هەموویان گیانیان لەدەستداوە.

لەناو فڕۆکەکە چەند کەسێکی گرنگی ئێران هەبوون، لە هەموویان گرنگتر سەرۆک کۆماری وڵاتەکە بوو، ئیبراهیم رەئیسی، دواتریش حسێن ئەمیر عەبدولەهیان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و مالیک رەحمەتی، پارێزگاری تەورێز و ئایەتوڵا ئەلهاشم، ئیمام جومعەی تەورێز و سەرۆکی پاسەوانەکانی سەرۆک کۆمار و پاسەوانێکی تایبەتی هەبوون.

بەیانی ئەمڕۆ لە نزیک کاتژمێر 7:30 خولەک، ئاژانسی هەواڵی میهری ئێران بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران و ئەو تیمەی لەگەڵی بوون گیانیان لەدەستداوە و دواتریش حکومەت بە فەرمی هەوڵەکەی پشتراستکردەوە.

باس لەوە دەکرێت، بە گوێرەی یاسا دەبێت دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار بدرێتە دەست جێگری یەکەمی و ئەویش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئەنجومەنێک پێکدەهێنن و لە ماوەیەکی کورتدا دەبێت ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکرێت، هەموو ئەمانە لە ژێر سەرپەرشتی رێبەری باڵای شۆرشی ئیسلامی ئێران، دەکرێت.

حکومەتی ئێران کۆبوونەوەی بەپەلە ئەنجامدەدات لەدوای گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆماری وڵات و ماتەمینی گشتیی لە وڵاتەکە راگەیەندرا، بەڵام جەختیکردەوە هیچ بۆشاییەک لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دروست نابێت.

تێکشکاندی هێلیکۆپتەری سەرۆک کۆماری ئێران لەکاتی گەڕانەوەیدا بوو لە مەڕاسیمی کردنەوەی بەنداوێک لەسەر رووباری ئاراس.

 

بابەتی پێشتر

بڕیارێكی نوێ لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان درا

بابەتی دواتر

پەیامێك لە سودانی-یەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share