سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، مامۆستایانی کوردستان پێشەنگبوون لە پرۆسەی فێركردن و پێگەیاندن، رۆڵێكی كاریگەریشیان لە شۆڕش و رووداوە سیاسییەكاندا گێڕاوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبۆنەی یادی 62 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، مامۆستایانی کوردستان جگەلەوەی پێشەنگبوون لە پرۆسەی فێركردن و پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار و داهێنەر، رۆڵێكی كاریگەریشیان لە شۆڕش و رووداوە سیاسییەكاندا گێڕاوە و نموونەی خەبات و قوربانیدانبوون لەپێناو كوردستان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پێزانینەوە لەو مێژووە درەوشاوەیە دەڕوانێت و لەبەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونیان سەری رێز دادەنەوێنێت”.
دووپاتیشیدەكاتەوە، یەكێتی بەرگریكردن لە ماف و خواستی مامۆستایان و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستە و سەقامگیر بۆیان بە ئەركی خۆی دەزانێت.
سەرۆكی یەكێتی دروود و سڵاو بۆ رۆحی پاكی ئەو مامۆستایانەی لەپێناو سەرفرازیی كوردستاندا گیانیان سپارد دەنێرێت و دەشڵێت، سەربەرزی بۆ كەسوكاریان.