بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامداوە و شارەوانییەكانی سنوورەكە راسپێردران لە ماوەی هەفتەیەكدا سەرجەم زانیارییەكانی تایبەتە بە ئامادەكردنی زەوی و نەخشە ئامادەبكرێت و ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی دەكرێت و دەشڵێت، “چاوەڕواندەكرێت رێنمایی بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە چەند رۆژی داهاتوودا لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوبكرێتەوە”.
بەرزان كەریم بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان لە لێدوانێكیدا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا كۆبوونەوەیەك لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی ئەنجامدرا كە تایبەت بوو بە گرتنەبەری ئەو رێكارانەی بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران پێویستن و لە 9ی ئەم مانگە كۆبوونەوەیەكی دیكە لە وەزارەت ئەنجامدرا بە مەبەستی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران.
وتیشی، “ئەمڕۆ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا كە پێویستە لە ماوەی هەفتەیەكدا رێوشوێنەكانی تایبەت بە زەوی و نەخشە بە ژمارە ئامادەبكەن، چونكە بەشێك لە شارەوانییەكان پێویستیان بە فراوانكردنی نەخشەی بنەڕەتی یاخود ماستەرپلان هەیە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە ئێستادا سەرقاڵی رێوشوێنەكانی تایبەت بە ئامادەكردنی زەوین بۆ فەرمانبەران و چاوەڕواندەكرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا رێنمایی تایبەت بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاوبكرێتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە سوودمەنددەبن لە وەرگرتنی زەوی”.