وردەکاریی ناردنەوەی کۆچبەران لە ئەڵمانیاوە بۆ عێراق ئاشکراکرا

لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 222 کۆچبەری عێراقی لە ئەڵمانیا دیپۆرتکراونەتەوە و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بەردەوامیی هەیە و دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوەرە و پەنابەران زانیاریی لەبارەی ناردنەوەی کۆچبەرانی عێراقی ئاشکرادەکات.

لە راگەیەندراوێکدا، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتانی ئەوروپا ناردنەوەی زۆرەملێی پەنابەران دەستی پێکردووە و بەردەوامە، دەشڵێت، “رێکەوتنێکی نهێنی لەنێوان بەرلین و بەغداد کراوە لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە چیتر هەلی مانەوەیان لە ئەڵمانیا نییە.”

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو،  رێککەوتنەکە خۆی تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تاوانێک یان کارێکیان کردووە دوور لە رەوشتی کۆمەڵگایی ئەڵمانیا، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا ئەو هەلەی قۆستووەتەوە و سەرجەم ئەو کۆچبەرانەی کە داوانامەکانیان رەتکراوەتەوە، دیپۆرتدەکاتەوە بۆ خاکی خۆیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی رێکەوتنەکەیان ئاشکرانەکردووە، بەڵام بەگوێرەی میدیاکانی ئەڵمانیا بێت وەزارەتی ناوخۆیی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیی عێراقی دیپۆرتی عێراق کراونەتەوە.

ئامارەکان ئەوە نیشاندەدەن، لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئەڵمانیا 222 هاوڵاتیی عێراقی دیپۆرتکردووەتەوە، 169 کەسیان بۆ عێراق و کوردستان نێردراونەتەوە و 53 کەسیش نێردراونەتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی دیکە کە پێشتر کۆچبەران لێیەوە چوونەتە ئەڵمانیا.

ئاری جەلال ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی زانیاریەکانیان زیاتر لە 23 هەزار و 757 هاوڵاتیی عێراقی بڕیاریان لەسەرە کە دەبێت ئەڵمانیا بەجێبهێڵن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 20 هەزار و 611 کەسیان (دودڵدونگ)یان هەیە، کە ئەمەش جۆرێکە لە چاوپۆشیکردن لە دەرکردنی کۆچبەران.

 

بابەتی پێشتر

وەزارەتی نەوتی عێراق: پابەندین بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت

بابەتی دواتر

وەزارەتی خوێندنی باڵا: هەنگاوەکانى دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشەکانى زانکۆکان دەستپێکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share