شاخەوانانی كورد گەشتێكی زانستی لەسەر بەفری چیای هەڵگورد ئەنجامدەدەن

تیمێكی پێكهاتوو لە گروپە شاخەوانییەكانی كوردستان گەشتێكی زانستییان لەسەر بەفری چیای هەڵگورد ئەنجامدا.

گەشتەكە لەژێر ناوی “ھونەری رێبەرایەتیکردنی تیمی شاخەوانیی لەسەر بەفر” لە رۆژانی 9 و 10ی ئایار لەلایەن فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان بۆ 11 شاخەوان بەڕێوەچوو.

فیدراسیۆنەكە بڵاویكردەوە، لەو گەشتەدا کە وانەکان لەلایەن مامۆستای رێگەپێدراوی بەشی تەکنیک و فێرکاریی فیدراسیۆنەكەیانەوە وترانەوە، تیایدا بەشێوەیەکی تیۆری و پڕاکتیکی (ھونەری ڕێبەرایەتیکردنی تیمی شاخەوانیی لەسەر بەفر) بەشێوەیەکی زانستی بۆ بەشداربووان شیکرایەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشداربووان پێشتریش بەشداریی زنجیرە خولەکانی پەیوەست بە “رێبەری کوێستان”یان کردووە.

بەشی تەکنیک و فێرکاریی فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان، لەڕێگای کردنەوەی خول، سیمینار و ۆرکشۆپ، ھەروەھا ئەنجامدانی گەشتی زانستيی شاخەوانییەوە، ھەوڵدەدات کەسانی شارەزا، پسپۆڕ، راھێنەری بە ئەزموون و لێھاتوو پەروەردە بکات کە بۆ داھاتووی وەرزشەکانی شاخ و شاخەوانیی لە کوردستاندا ببنە ھەوێن و بەردی بناغەی شاخەوانییەکی ستاندارد و پێشکەوتوو، وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی فیدراسیۆنەكەدا هاتووە.

بڕیاریشە فیدراسیۆنەكە لە ماوەیەکی نزیکدا، چەند خولێکی شاخەوانیی تایبەت بە بەفر و سەھۆڵ ئەنجامبدات.

بابەتی پێشتر

وتەبێژی حکومەتی عێراق: لە بابەتی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبووین

بابەتی دواتر

لە بارەی هاتوچۆکردنی بارهەڵگرەکان لە تونێلی پیرمام بڕیاردرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share