زریانێكی بەهێزی خۆر بۆ یەكەمجار لەدوای ساڵی 2003ەوە زەوی دەگرێتەوە

تەقینەوەیەکی گەورە لە دیسکی خۆردا بووە هۆی ئەوەی دوێنێ زریانێکی جیۆموگناتیسی بۆ ناو بەرگەهەوای زەوی دەربچێت، کە رەنگە بچێتەناو تۆڕەکانی کارەبا و پەیوەندییەکان و سیستەمی گەشتیاری، لەگەڵ ئەگەری بەردەوامبوونی کاریگەرییەکانی زریانەکە تا کۆتایی هەفتە و کاریگەرییەکانی لەسەر بواری موگناتیسیی هەسارەکە.

چالاكییەكەی خۆر هێندە بەهێزە، ئیدارەی نیشتمانیی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا کە چاودێری کەشوهەوای بۆشایی ئاسمان دەکات، بۆ یەکەمجار لە ماوەی 19 ساڵدا هۆشدارییەکی نائاسایی دەرکرد، کە دواتر بەرزکرایەوە بۆ هۆشداریی گەورەتر.

ئاژانسی نیشتمانیی چاودێری ئۆقیانووس و بەرگەهەوای ئەمریکا (NOAA) رۆژی چوارشەممە دەستیکرد بە چاودێریکردنی تەقینەوەکان لەسەر رووی خۆر، کە لانیکەم پێنجیان بەرەو زەوی هاتوون، یەکەمیان دوێنێ هەینی گەیشتە بەرگەهەوای هەسارەکە.

مایک پێتۆی، سەرۆکی کارەکانی سەنتەری پێشبینیکردنی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمانی ئاژانسەکە دەڵێت، “ئەوەی چاوەڕێی دەکەین لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا بە دڵنیاییەوە دەبێت گرنگتر بێت لەوەی تائێستا بینیومانە”.

زریانەکە چۆن کاریگەری لەسەر خەڵکی سەر زەوی دەبێت؟
بە گوتەی جۆ لاما، زانای فەلەکناسی لە روانگەی لۆوێڵ، پێدەچێت کاریگەری لەسەر ئەو پەیوەندییانە هەبێت کە پشت بە شەپۆلی رادیۆیی فریكوێنس بەرز دەبەستن، واتە مۆبایلەکان یان رادیۆکانی ئۆتۆمبێل کە پشت بە شەپۆلی رادیۆیی فریکوێنسی نزم دەبەستن، پێناچێت بوەستن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری هەیە بچڕانی كارەبا رووبدات.

دیارترین زریانی خۆر لە مێژووی تۆمارکراودا لە ساڵی 1859دا روویدا کە بە رووداوی کارینگتۆن ناسراوە و نزیکەی هەفتەیەکی خایاند، كاریگەرییەكەی درێژبووەوە بۆ هاوایی و ئەمریکای ناوەڕاست و کاریگەری لەسەر سەدان هەزار میل لە هێڵی تەلەگراف هەبوو.

شۆن داڵ، زانای کەشناسی لە سەنتەری پێشبینی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمانی ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا دەڵێت، “رووداوێکی توند و پێشبینی نەكراو بوو”.

رۆب شتاینبێرگ، زانای بۆشایی ئاسمان لە سەنتەری پێشبینیکردنی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمانی ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا دەڵێت، بۆ زۆربەی خەڵکی سەر زەوی، پێویست ناکات هیچ بکەن.

هۆشدارییەکان بە مەبەستی ئەوەن کە کات بدەن بە دەزگا و کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردنی ئەم ژێرخانە بۆ ئەوەی رێوشوێنی پاراستن دابنێن بۆ کەمکردنەوەی هەر کاریگەرییەک.

شتاینبێرگ دەڵێت، ئەگەر هەموو شتێک بەو شێوەیەی پێویست بێت، تۆڕەکە سەقامگیر دەبێت و دەتوانن ژیانی رۆژانەیان بەڕێوەببەن.

تەقینەوەی زەبەلاح لەسەر رووی خۆر، شەپۆلی تەنۆلکە وزەبەخشەکان دەنێرێتە بۆشایی ئاسمان و کاتێک ئەم تەنۆلکانە کێڵگەی موگناتیسیی زەوی تێکدەدەن، بە زریانی جیۆموگناتیسیی زەوی ناودەبرێت.

ئیدارەی نیشتمانیی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا ئەم زریانانە بە پێوەرێکی “G” لە 1 بۆ 5 هەڵدەسەنگێنێت، کە G1 بچووکە و G5 توندترە، زریانی توندتر دەتوانێت ببێتە هۆی پچڕانی کارەبای بەرفراوان و زیانگەیاندن بە ژێرخانی زەوی.

هەروەها بەهۆیەوە مانگە دەستکردەکان ئەگەری هەیە کێشەیان هەبێت لە ئاراستەکردنی خۆیان یان ناردن یان وەرگرتنی زانیاری لەم رووداوانەدا.

زریانی ئێستا بە G4 یان “توند” پۆلێن کراوە و خەریکە کۆمەڵێک پەڵەی خۆر بەرهەم دەهێنێت -ناوچە تاریک و فێنکەکان لەسەر رووی خۆر- کە تیرەکەی نزیکەی 16 هێندەی تیرەی زەوییە. بەشەكە گڕدەگرێت و ماددەی تەقینەوە هەر شەش بۆ 12 کاتژمێر جارێک دەنێرێت و، دوایین چالاکیی نزیکەی کاتژمێر 3ی بەیانی لە رۆژی هەینیدا روویدا.

برێنت گۆردۆن، سەرۆکی لقی خزمەتگوزارییەکانی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمان لە سەنتەری پێشبینیکردنی کەشوهەوای بۆشایی ئاسمانی NOAA دەڵێت، پێشبینی دەکەین لە کۆتایی هەفتەدا رووبەڕووی شۆك لەدوای شۆك ببینەوە.

بەرپرسانی ئیدارەی نیشتمانی ئۆقیانووس و بەرگەهەوا دەڵێن ئەو کۆمەڵە پەڵە خۆرانەی کە زریانی ئێستا دروست دەکەن گەورەترینە کە تا ئێستا ئەم خولە خۆرە بینراوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، چالاکییەکانی ئەم دانیشتنە لە چاوەڕوانییەکانی سەرەتایی زیاتر بووە.

پێشبینی دەکرێت زیاتر ئاگرکەوتنەوە و زریانی خۆر لە هەفتەکانی داهاتوودا رووبدەن، رەنگە جارێکی دیکە پەڵەی خۆر لە لای چەپی خۆردا دەربکەوێتەوە، بەڵام ئەستەمە بۆ زاناکان پێشبینی بکەن کە ئایا ئەمە دەبێتە هۆی دووبارە چالاکیی خۆر یان نا.

سەرچاوە: سکای نیوز

بابەتی پێشتر

عێراق و ئیتاڵیا رێککەوتنێکیان بە بەهای 700 ملیۆن دۆلار واژووکرد

بابەتی دواتر

كاسبكارانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر چاوەڕوانی قەرەبووكردنەوەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share