سەرۆكی كۆمەڵگەی كێڵگەپەلەوەرییەكان رایدەگەیەنێت، نرخی مریشك دابەزینی زیاتری بەخۆوە بینیوە و یەك كیلۆ مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكان بە دوو هەزار و 100 دینارە و خاوەنی كێڵگەپەلەوەرییەكان لە زەرەردان.
نازم عەبدوڵا، سەرۆكی كۆمەڵگەی كێڵگەپەلەوەرییەكان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ئێستادا خاوەنی كێڵگەپەلەوەرییەكان یەك كیلۆ مریشك بە دوو هەزار و 100 دینار دەفرۆشن لە كاتێكدا تێچووی زیاتر لەسەر خۆیان دەكەوێت و نرخی غاز و سووتەمەنیش گرانە و پێویستە هاوكاریی خاوەن كێڵگەپەلەوەرییەكان بکرێت.
وتیشی، “داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەم ئەو سێكتەرە بكرێتە سێكتەرێكی نیشتمانی كە ئاسایشی خۆراكە و هەلیكاری بۆ چەندین كەس رەخساندووە و ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوامبێت خاوەنی كێڵگەپەلەوەرییەكان بەرهەمیان نابێت و ئەو بەرهەمەی كە دەبێت نرخەكەی لە بازاڕەدا بەرزبوونەوە بەخۆوە دەبینێت”.