دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمرۆ پێنجشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێم و زانکۆی سلێمانی یاداشتنامەی هاوبەشیان واژووکرد.
لە راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا ئەوە هاتووە، لەپێناو دروستکردنی هەماهەنگی و سوودمەندبوون لە توانا و کارامەیی بەڕێوەبردن بۆ خزمەتکردنی کۆمەڵگە، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان پەیمانگای پێگەیاندنی هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی واژووکرا.
باس لەوەشکراوە، یاداشتەکە بەمەبەستی زیاتر پەرەپێدانی توانای مرۆیی و کردنەوەی خول لەچوارچێوەی کارەکانی هەڵمەتی هۆشیاری و سوودوەرگرتن لەئەزموون و پێکەوە کارکردن بووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم جەختی لەوەشکردووەتەوە، لەماوەی رابردوودا لەپێناو ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، دەستپێشخەرییەکی بۆ توێژەرانی زانکۆی سلێمانی خستەڕوو بەمەبەستی درووستکردنی پردی پەیوەندی و سوودوەرگرتن لەئەزموونی کاری هاوبەش لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتییان.