ئەبوزەبی یەکەم گەشتی تاقیکاریی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بە سەرنشینێکەوە ئەنجامدا

لە چالاکییەکانی یەکەمین خولی هەفتەی جموجۆڵی ئەبوزەبی کە لە ئیماڕات بەڕێوەچوو، کۆمپانیای مەڵتی لێڤڵ یەکەم گەشتی تاقیکاریی بۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی نەفەرهەڵگر ئەنجامدا کە بووە یەکەمین گەشتی ئەو جۆرە فڕۆکەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

چالاکییەکە بە هاوکاری لەگەڵ پەیمانگای فڕۆکەوانی ئیمارات فالکۆنز ئەنجامدرا و تێیدا کۆمپانیای مەڵتی لێڤڵ نوێترین تەکنەلۆژیاکانی خۆی نمایشکرد، کە دوو فڕۆکەی نەفەر هەڵگریشی لەخۆگرتبوو، یەکەمیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی پێنج کەسی بوو کە توانای ئەوەی هەیە زیاتر لە 250 کیلۆمەتر ببڕێت و 350 کیلۆگرامیش هەڵبژرێت، فڕۆکەکەی دیکەیان قەبارەی بچووکە و توانای هەڵگرتنی دوو کەسی هەیە.

محەمەد ئەلدەهیری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای مەڵتی لێڤڵ بەشداری لە تاقیکردنەوەکەدا کرد و بووە یەکەم کەس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان گەشتێک ئەنجامبدات.

لە لێدوانێکیدا محەمەد ئەلدەهیری ئاماژەی بەوە کرد، ”بوون بە بەشێک لەم ساتەوەختە مێژووییە مایەی خۆشحاڵییە، یەکگرتنی نێوان تەکنەلۆژیا و فڕۆکەوانی هەنگاوێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان و شانازی دەکەم کە بەشداربووم لەو ساتەدا”.

بێجگە لەو دوو فڕۆکەیە لە چالاکییەکەدا چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکە نمایشکران کە لەلایەن کۆمپانیای ناوبراوەوە بەرهەم هێنرابوون و تاقیکرانەوە و وردبینی و متمانەپێکراوی ئەو جۆرە تەکنەلۆژیایە پشتڕاستکرایەوە.

بابەتی پێشتر

رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی هونەرمەند "ناشاد" بەڕێوەدەچێت

بابەتی دواتر

زیاتر لە یەک ملیار دینار بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی تەرخاندەکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share