پەنابەرانی بەریتانیا لەترسی ناردنیان بۆ رواندا روودەکەنە ئیرلەندا

بەرپرسانی بەریتانیا هەفتەیەک لەمەوبەر دەستیانکرد بە دەستگیرکردنی پەنابەران بەمەبەستی رەوانەکردنیان بۆ رواندا، بەڵام زۆرێکیان روویانکردە ئیرلەندا و هەندێکی دیکەشیان مانیانگرتووە.

لو کالڤی، بەڕێوەبەری رێکخراوی خێرخوازی ئەسیلەم ماتەرس لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستەڕوو، ”رێکخراوە خێرخوازیەکان پەنابەرانی کەمپەکان ئاگاداردەکەنەوە کە شوێنەکانی مانەوەیان بەجێبهێڵن بۆئەوەی دەستگیرنەکرێن، چونکە بڕیاری ناردنیان بۆ رواندا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەند کێشەیەکی گەورە بۆیان”.

لەو بارەیەوە پەنابەرێکی کوردی رۆژهەڵات کە 14 ساڵ پێش ئێستا بووە بە پەنابەر لە بەریتانیا لە لێدوانێکیدا بە رۆژنامەی گاردیانی راگەیاندووە، ”من تێناگەم چۆن پەنابەران دەنێردرێن بۆ وڵاتێک کە لێوەی نەهاتوون، من لە روانداوە نەهاتووم و و خەڵکی ئەو وڵاتە نیم، چۆن دەتوانن من بنێرن بۆ ئەوێ؟ من نامەوێت بنێردرێم بۆ ئەو وڵاتە، دەمەوێت هۆکاری ناردنم بۆ ئەو وڵاتە بزانم”.

هەفتەی رابردوو سیمۆن هاریس، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئێرلەندا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ”ئێمە نامانەوێت لە وڵاتێکدا بژین کە خێمەی پەنابەران بەردەوام لە زیادبووندابێت”.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە شوێنی نیشتەجێبوونی زیاتر دابین بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران کە بەهۆی بڕیاری ناردنیان بۆ رواندا روو لە وڵاتەکەیان دەکەن.

حکومەتی بەریتانیا پەیامەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان سەبارەت بە دەستگیرکردنی خەڵک بۆ رواندا بڵاوکردووەتەوە، بەڵام روون نییە کە ئایا پێشبینیان کردبوو کە هەندێک لە پەنابەران خۆیان دەشارنەوە یاخود روودەکەنە ئیرلەندا.

 

بابەتی پێشتر

عەمید ئاسۆ روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

بابەتی دواتر

دوو مەرجەكەی بەغداد بۆ ناردنی مووچە بۆ هەرێم ئاشكرابوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share