کەسێک کە لە شاری بەغداد 150 مۆری دامەزراوەکانی حکومەتی عێراقی ساختەکردبوو، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماڵی ئەو کەسەی سزاکەی بەسەردا سەپێندراوە هێزە ئەمنییەکان 150 مۆری ساختەیان دۆزییەوە و دەستیان بەسەرداگرت.
سزاکە لە لایەن دادگای تاوانەکانی رەسافە-ەوە بەسەر ئەو کەسەدا سەپێندراوە.
لە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا هاتووە، ئەو مۆرانە بەناوی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و ژمارەیەک وەزارەت لەوانە، دارایی، ناوخۆ، داد، بازرگانی، دەرەوە، پەروەردە، تەندروستی، دامەزراوەی شەهیدان و ئەمیندارێتیی بەغداد و ژمارەیەک فەرمانگەی دیکە ساختە کرابوون.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، دادگای تاوانەکانی رەسافە، بە پشتبەستن بە ماددەی 275ی یاسای سزادانی عێراقی ئەو سزایەی بەسەر ئەو کەسەدا سەپاندووە.