جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە دیداری وەفدێكی سێناتی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە، چونکە دواخستنی زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران ئەمڕۆ پێشوازیکرد لە وەفدێکی سێناتی ئەمریکا کە پێکهاتبوو لە سیناتۆر تێد باد، سیناتۆر جۆنی ئێرنتس و وەفدێکی یاوەریان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا پرسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا، كە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتەش لە هەرێم ئامادەیبوون، وەفدەکەی سێنات پشتگیری ئەمریکایان بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، سەردانەکەیان نیشانەی پابەندیی ئەمریکایە بە گرنگیدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
جێگری سەرۆک وەزیران، سوپاسی پشتیوانی و هاوکارییەکانی ئەمریکای کرد بۆ هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش لە رووبەڕوونەوەی تیرۆر و پرۆسەی چاکسازی لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ئاسایشی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق و هاوپەیمانان گرنگ و پێویستە بۆ رووبەڕوونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر، بەوپێیەی هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە بۆسەر ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی و یەکێتی بۆ وەفدی میوان روونکردەوە و رایگەیاند، “هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکەینەوە، چونکە دواخستنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن، زیانی گەورە بە شەرعییەتی دامەزراوەکانی هەرێم دەگەیەنێت و جگە لەوەش پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم دەخاتە مەترسییەوە”.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، بەرەوپێشچوون لەبارەی پرسی بودجەی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هەیە. وتیشی، “هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم کێشەیە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەربکەن”.