سەرۆكی یەكێتی گەیشتە بەغداد و بڕیارە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ گەیشتە بەغداد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆدەبێتەوە.
چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەكەدا پرسە گەرمەكانی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و مووچە و بژێویی خەڵكی هەرێم تاوتوێبكرێن.
سەردانەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی بە دوو رۆژ دێت دوای سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كە تیایدا وەك ئەوەی لە راگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، بە توندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێكی تاككڕەوانە و دەنگۆی رێككەوتنی لایەنەكان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی كرد كە بڕیارە لە 10ی 6ی 2024 سازبكرێت و پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێكارەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتكردەوە.