نرخی کارەبای مۆلیدە دیاریکرا

نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی رابردوو لە سلێمانی له‌نێوان 7 هەزار و 500  بۆ 8هەزار و 500  دینار دیاریکرا.

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆ‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبوونەوە و به‌پێی نرخی سووته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (40) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای مۆ‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناو شاری سلێمانی له‌نێوان (7.500) بۆ (8.500) دیناردایه‌، بەو پێیەى مۆلیدەکان لە نێوان  (187 بۆ 212) کاتژمێر کاریان کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، به‌هۆی جیاوازیی كارکردنیان، نرخی ئه‌مپێرێك كاره‌بای مۆ‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت، هەندێک شوێن بەرنامەى کارکردنى مۆلیدەکانیان لە کاتژمێر 7ى بەیانى بۆ 1ى شەوە، نرخى ئەمپێریان 9 بۆ 9 هەزار و 500 دینارە، ئەو مۆلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە نرخى ئەمپێریان 10 هەزار دینارە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی کارەبای سلێمانی، خشته‌ی كارپێكردنی مۆ‌لیده‌ بۆ مانگى (پێنج) به‌مجۆره‌یه‌، رۆژانه‌ كاتژمێڕ 1ی نیوه‌رۆ بۆ 1ی شه‌و كارده‌كه‌ن هه‌ركاتێك كه‌ كاره‌بای نیشتمانی كوژایه‌وه‌و به‌یانیانیش مۆ‌لیده‌كانی كاتژمێر 6.30 بۆ 7ی به‌یانی كارده‌كه‌ن، جگه‌ له‌ رۆژانی هه‌ینی و پشووه‌ فه‌رمییه‌كان كه‌ كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆ بۆ 1ی شه‌و كارده‌كه‌ن.

لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆ‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان، له‌كۆنووسه‌كه‌دا جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی نابێت كارپێكردنی مۆ‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاوڵاتییان له‌ (10) خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن مۆلیده‌كه‌ سزاده‌درێت.

بابەتی پێشتر

بە تۆمەتی دزیکردن کەسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

پێنج کۆمپانیای هاوردەکردنی دەرمان لە هەولێر داخران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share