وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایدەگەیەنێت، كۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئۆفیسی پارێزگاكان لە ئەركدان.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، دەنگۆی راگرتنی كارەكانی كۆمسیۆن تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ناڕاستە، كۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی تایبەت بە هەڵبژاردن.
وتیشی، “نووسینگەكانی كۆمسیۆن لە هەرێمی كوردستان بەردەوامن لە كارەكانیان، بەتایبەتیش لە رادەستكردنەوەی كارتی دەنگدانی بایۆمەتری بە دەنگدەران”.
جومانە دووپاتیشیكردەوە كە دەنگۆی راگرتن یان هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمسیۆن راست نییە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا بەشێك لە میدیاكان هەواڵی هەڵپەساردنی كارەكانی كۆمسیۆنیان راگەیاند، بەبیانووی هەوڵ و ئەگەرەكانی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
بەپێی مەرسومی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێت، لەو چوارچێوەیەدا كۆمسیۆن سەرقاڵی ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبردنی پرۆسەكەیە.