نوێنەرەكانی حەلبووسی و مالكی و عەبادی باس لە ڕێككەوتنی كوردستان و بەغداد دەكەن

چەند كاربەدەست و ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە دانوستاندن و گفتوگۆكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد بۆ “ئێستا” دەدوێن و ئومێدی خۆیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن دەردەبڕن. ئەوان دەڵێن، “ئاگاداری كۆژان و كێشەكانی خوشك و برایانی كوردین و برسێتییان ئازارمان دەدات”. بۆیە جەختدەكەنەوە لەوەی هەوڵ بۆ چارەسەر و ڕێككەوتن و ناردنی بودجەی هەرێم دەدەن.

سەرۆكی لیژنەیەكی پەرلەمان: “ڕێككەوتن كراوە لە پرۆژەیاسای بودجەدا پشكی ئەمساڵی هەرێم ڕەوانە بكرێت.”

حازم خالدی، ئەندامی هاوپەیمانیی نەسڕ بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی، لێدوانی بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” دا و ئاشكرایكرد، “لێكتێگەیشتن هەیە و ڕێككەوتن كراوە لە پرۆژەیاسای بودجەدا بۆ ساڵی 2021 بەوەی پشكی هەرێم ڕەوانە بكرێت، بەرانبەر بە ڕادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەكان.”

خالدی، بەو پێیەی سەرۆكی لیژنەی چاودێریكردنی كارەكانی حكومەتە، باس لەوە دەكات كە ئاگاداری كێشەكانە، بۆیە وەكخۆی جەختی لەسەر دەكاتەوە، دەزانێت چارەسەركردنیان دەبێت چۆن و لە كوێوە بكرێت و دەڵێت، “كێشەگەلی یاسایی هەن كە دەبێت چارەسەر بكرێن، چونكە ئەم ناكۆكی و كێشانەی پەیوەست بە بودجە، ساڵانە دووبارە دەبنەوە و زۆرێك لە كێشەكانیش لەلایەن هەردوو حكومەتەوە دروستكراون و دەبێت لەلایەن هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە چارەسەر بكرێن.”

حازم خالدی

سەرۆكی لیژنەی چاودێریكردنی كارەكانی حكومەتی عێراق، لە لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا” جەختیكردەوە كە “كێشەكانی هەرێم ڕەنگدانەوە و كاریگەرییان لەسەر ناوچەكانی تریش هەیە، چونكە خەڵكی ناوەڕاست و باشوور نیگەران و خەمبارن بەوەی دۆخی هاوڵاتییانی هەرێم نالەبار بێت و كێشەی دارایی و موچەیان هەبێت، من دڵنیاتان دەكەمەوە كە ئەمە كێشەی هەموو پێكهاتەكانی گەلە، نەك تەنها برایانی كورد.”

“دەبێت ڕێككەوتنی یەكجارەكی بكرێت نەك هەر لەسەر بودجە، بەڵكو سەبارەت بە ناوچە دابڕاوەكان و مادەی 140ـیش.”

بە بۆچوونی حازم خالدی، “پێویستە چارەسەری ستراتیژی و درێژخایەن هەبن بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد، لەوانە “پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز، هەروەها چارەسەركردنی كێشەی ناوچە دابڕاوەكان كە پێشی دەڵێن ناوچە جێناكۆكەكان، لەگەڵ جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور، بە بڕوای من ئەمانە كێشەكان چارەسەر دەكەن، نەك ڕێككەوتنی كورتخایەن، چونكە هەركات حكومەتی فیدراڵی و هەرێم پەیوەندییان باشبێت، ئەوا ڕێككەوتن ماوەیەك دەخایەنێت و دواتر بە گۆڕینی كەسەكان و كاربەدەستەكان، پەیوەندییەكان تێكدەچنەوە، بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم پابەند ببێت، ئەوا حكومەتی فیدراڵی ناچارە ڕێككەوتنی تەواوی لەگەڵدا بكات و هەموو مافەكانی بدات.”

“ئازار دەچێژین بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و گلەیی و برسێتیی خوشك و برایانی كورد.”

ئەندامەكەی فراكسیۆنەكەی عەبادی، نموونە بۆ سەلماندنی ڕاستیی بۆچوون و پێشنیارەكانی دەخاتەڕوو و دەڵێت، “ئەزموونەكانی ڕابردوو سەلماندیان كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندی ڕێككەوتنەكانی بودجە نەبووە، بەڵام ئەمساڵ ڕێككەوتن لە ئارادایە و دەستپێكێكی باشە و هیواخوازین كێشەكان یەكلایی بكرێنەوە و چارەسەر بكرێن و ڕێككەوتنەكە لە پەرلەمان پەسەند بكرێت و پشكی هەرێمی كوردستان بنێردرێت، چونكە تەنها هاوڵاتییانی هەرێم زیانمەند دەبن و كێشەی داراییان دەبێت، ئەوەش ئێمە ئازار دەدات، ئازار دەچێژین بە خۆپیشاندان و ناڕەزایی و گلەیی و برسێتیی خوشك و برایانی كورد، هاوشێوەی ئەو ئازارەی بۆ برسێتیی خەڵكی ناسڕییە و بەسڕە دەیچێژین، بۆیە نابێت كێشەكان لەوە زیاتر كاریگەرییان لەسەر ژیانی هاوڵاتییانمان لە كوردستان هەبێت.”

ئەندامێكی فراكسیۆنەكەی مالكی: “ئێمە بە باشی ئاگاداری باری نالەباری هاوڵاتییانمانین لە هەرێمی كوردستان، دەزانین كێشەی داراییان هەیە و هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە ڕێككەوتن بكرێت.”

سەبارەت بە هەمان دۆسیە، نەدا شاكر جەودەت، ئەندامی دەوڵەتی قانون لە پەرلەمانی عێراق قسەی بۆ “تۆڕی میدیایی ئێستا” كرد و ڕایگەیاند، “ناكرێت ناكۆكیی نێوان لایەنەكان و هەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێم، زیانی زیاتر بە هاوڵاتییان بگەیەنێت، ئێمە بە باشی ئاگاداری باری نالەباری هاوڵاتییانمانین لە هەرێمی كوردستان، دەزانین كێشەی داراییان هەیە و ژیانیان سەخت بووە.”

نەدا شاكر

ئەندامەكەی فراكسیۆنەكەی نوری مالكی وتیشی، “هەموو هیوا و هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە ڕێككەوتن بكرێت، بەڵام بابەتەكە ئاسان نییە و كاری زۆری دەوێت، چونكە حكومەتی هەرێم نەوتی خۆی فرۆشتووە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، بەڵام هەرچۆنێك بێت دەبێت ڕێكبكەون و هاوڵاتییان لە تەنگژە و نەداریدا نەمێننەوە، چونكە برسێتی و هەژاریی سەرچاوەی هەموو تاوان و لادان و كێشە كۆمەڵایەتی و ئەمنییەكانن.”

هۆڵی پەرلەمانی عێراق لەكاتی دەنگدان بە پرۆژەیاسایەك

ڕاوێژكاری حەلبووسی: “ناكرێت هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان زەرەمەندببن و كێشەی داراییان هەبێت.”

لای خۆیەوە، بورهانەدین ئیسحاق ئیبراهیم، ڕاوێژكاری محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان ڕایگەیاند، “هیوادارین لە كۆبوونەوەی سبەینێ شەممە 9ی كانونی دووەم و كۆبوونەوەكانی دواتردا، كێشەكان چارەسەر بكرێن.”

لە لێدوانەكەیدا بۆ “ئێستا”، ڕاوێژكارەكەی سەرۆكی پەرلەمان، پەرۆشیی خۆی و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی بۆ ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكانی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و بە جەختكردنەوەوە وتی، “ناكرێت هەموو مانگێك یاخود دوو مانگ جارێك كێشەكان سەرهەڵبدەنەوە و هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان زەرەمەندببن و كێشەی داراییان هەبێت، بۆیە پێویستە چارەسەری ڕیشەیی بۆ كێشەكان بدۆزرێنەوە و بە یەكجاریی كۆتاییان پێبهێنرێت.”

بورهانەدین ئیسحاق وتیشی، “هەموو گەل دەڕواننە پەرلەمان و چاوەڕوانن سەرۆكی فراكسیۆنەكان ڕێكبكەون و بودجە پەسەندبكرێت و كۆژان و كێشەكانی هاوڵاتییان چارەسەر بكرێن. ئەوەی ماوە دەبێت لە پەرلەماندا نەوتی هەرێم و داهاتی دەروازە سنوورییەكان و بەهای دۆلار و نرخی نەوت و داهاتەكانی تر بژمێردرێن و ڕێككەوتنیان لەبارەوە بكرێت، ئێمە هیواخوازین ئەو ڕێككەوتنە بكرێت و كۆتایی بە كێشەكان بهێنرێت و هاوڵاتییانی كوردستان و تەواوی عێراق، ڕزگاریان ببێت لە قەیرانی دارایی.”

بابەتی پێشتر

هەرێمی كوردستان: لە 24 كاتژمێردا 140 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 5 كەس مردوون

بابەتی دواتر

زانیاریی سەبارەت بە تەقینەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی شارەزوور

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share